بەرزبوونەوەی نرخی بلیتی مۆندیالی 2026 بۆ چەندین جار، وایکردووە یەکێتی هاندەرانی تۆپی پێی ئەوروپا (FSE) مامەڵەی فیفا لەگەڵ هاندەران بە "خیانەتێکی گەورە" وەسف بکات.
هاندەرێکی تۆپی پێی ئەوروپی دەبێت هەشت هەزار دۆلار خەرج بکات بۆ ئەوەی بەشداری سەرجەم یارییەکانی وڵاتەکەی بکات تاوەکو یاری کۆتایی مۆندیالی 2026 کە 5 هێندەی مۆندیالی قەتەر زیاترە.
هەفتەی ڕابردوو فرۆشتنی بلیتی مۆندیالی 2026 دەستیپێکرد و زیاتر لە 2 ملیۆن کەس بەشدارییان لە کڕینی بلیتەکاندا کرد.
بەڵام خاڵی سەرەکی لەم فرۆشتنی بلیتەدا بەرزبوونەوەی فەلەکی نرخی بلیتەکانە، کە لە پرۆژەی فیفادا بە هاوکاری دۆناڵد ترەمپ جێبەجێکرا و گروپی سەرەکی و کەمداهاتی هاندەرانی تۆپی پێ لە سەیرکردنی مۆندیال بێبەش دەکات.
یەکێتیی هاندەرانی تۆپی پێی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، هاندەرانی تۆپی پێی ئەوروپی تووشی شۆک بوون بەهۆی ئەو نرخە زیادەڕۆییانەی کە فیفا بەسەر دڵسۆزترین هاندەرانی مۆندیالدا سەپاندوویەتی و بە خیانەتێکی گەورە لە نەریتی مۆندیالدا دەیزانن، کە قەت دۆخی دۆخی هاندەران لەبەرچاو ناگرێت.
ئەو ڕێکخراوەیە لە درێژەدا داوای لە فیفا کرد دەستبەجێ فرۆشتنی بلیتی PMA ڕابگرێت و ڕاوێژ لەگەڵ هەموو لایەنە زیانلێکەوتووەکان بکات و پێداچوونەوە بە نرخی بلیتەکان و دابەشکردنی پۆلەکاندا بکات تا ئەو کاتەی چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە کە ڕێز لە نەریت و گشتگیری و گرنگی کولتووری مۆندیال بگرێت.