بارودۆخی ناجێگیری محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی یەکەمی لیڤەرپوول و هەڵبژاردەی میسر، لەم ڕۆژانەدا بووە تەوەری ژمارە یەک لە تۆپی پێی جیهاندا، بەڵام بەگوێرەی گۆڤاری ئەتلەتیک، دیداری ئارن سلۆت لەگەڵ سەڵاح بە باشی کۆتایی هات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە ئامادەبوو هەموو سەرچاوە داڕاییەکانی بدات بۆ ئەوەی سەڵاح ڕابکێشێت.
شەڕی سەڵاح لەگەڵ سلۆت هەفتەی ڕابردوو گەیشتە لووتکە، دوای ئەوەی ئەستێرە میسرییەکە بۆ سێیەم یاری لەسەریەک لەسەر خرایە سەر کورسی یەدەگ، سەڵاحیش چاوپێکەوتنێکی مشتومڕاوی ئەنجامدا.
دوای ئەم چاوپێکەوتنە سلۆت و ئیدارەی یانەکە بۆ ماوەیەکی کاتی سەڵاحیان لە لیستی تیپەکە دەرهێنا بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئینتەر لە چامپیۆنزلیگدا.
ئێستا گۆڤاری ئەتلەتیک دەنووسێت سلۆت دیدارێکی لەگەڵ سەڵاحدا ئەنجامداوە و لەم دیدارەدا دانوستانەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی بەرەو پێش ڕۆیشتن بۆ ئەوەی سەڵاح بگەڕێتەوە ناو لیستی تیپەکە بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر برایتۆن.
ماڵپەڕیESPN دەنووسێت، سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی سوود لەم قەیرانە وەربگرێت بۆ ڕاکێشانی سەڵاح، بەڵام ئاشتەوایی ئەستێرە میسرییەکە پلانەکەیانی تێکدا.