ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا کە دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە کارەساتبارە و ٨٠ لەسەدی بینا نیشتەجێبوون و نا نیشتەجێبوونەکانی ئەو کەرته وێران بوون یان زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.
ناوبراو زیادی کرد کە هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە هێشتاش دەبێتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی سڤیل لەم ناوچەیە و زیانێکی زۆر بە ژێرخانی ئەو ناوچەیە دەگەیەنێت.
گۆتێرێش نیگەرانی خۆی لەبارەی دۆخی ناسەقامگیری ئاسایش و ئەو کردەوە توندوتیژییانەی کە هەڕەشە لە ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکەن، دەربڕی. ناوبراو هەروەها وتی کە هاتنی خۆراک بۆ کەرتی غەززە دۆخی گوزەرانی دانیشتوانی ئەو کەرتهی باشتر نەکردووە.
گۆتێرێش ڕوونیشی کردەوە کە دەبێت دادپەروەریی تەواو لە بەرامبەر هەر تاوانێکی قێزەون یان پێشێلکاری بەرفراوانی یاسا نێودەوڵەتییەکان مسۆگەر بکرێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە فراوانبوونی نیشتەجێبوونە نایاساییەکان لە کەناری ڕۆژاوا و هێرشە توندوتیژەکانی زایۆنییەکان بۆ سەر دانیشتوانی ئەم ناوچەیە، داوای وەستاندنی ئەم پڕۆسەیەی کرد.