جام کوردی - چاودێری مافی مرۆڤ ڕەخنەی لە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی باشووری لوبنان گرت و ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە کە لەو ناوچانە و دەورووبەریدا کە  سوپای زایۆنی هێرشی کردووەتە سەری ئامانجی سەربازی بوونی هەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلمەیادین، چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر ئامێرەکانی ئاوەدانکردنەوە و شوێنە مەدەنییەکان لە باشووری لوبنان بە تاوانی جەنگ دادەنرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، سوپای ڕژێمی زایۆنی دوای ئەوەی ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنانی وێران کردووە، هەوڵ دەدات ڕێگری لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی بکات.

چاودێری مافی مرۆڤ جەختی کردەوە کە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر باشووری لوبنان بووەتە هۆی وێرانکردنی 360 ئامێری قورس بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و قیر.

ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییە ڕایگەیاندووە کە هیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە کە ئامانجی سەربازی لە ناوچە هێرش کراوەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنی و دەوروبەریدا هەبووبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپای ڕژێمی زایۆنی هەمیشە بانگەشەی هێرشکردنە سەر ژێرخان و پێگەکانی سەر بە حزبوڵڵا لە لوبنان دەکات.

چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: ئێمە هیچ هۆکارێکمان نەدۆزیوەتەوە کە ئەو ئامێرانە وەک ئامێرێکی سەربازی لەلایەن حزبوڵڵاوە بەکاربهێنرێن.