ماڵپەڕی زایۆنی ئای ٢٤ نیوز بڵاویکردەوە، حکومەتی ئەمریکا ئەبو موحەممەد جۆلانی، سەرۆکی خۆسەپێنی سووریا، بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت و هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە لاوازبوونی حوکمڕانییەکەی لە سووریا.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە، بڕیارە تۆم باراک، نێردەی ترەمپ، بگاتە ناوچە داگیرکراوەکان بۆ ئەوەی لەگەڵ ناتانیاهۆ و بەرپرسانی تری زایۆنی سەبارەت بە پرسە جۆر بە جۆرەکان بە تایبەت سووریا و هێڵە سوورەکانی واشنتۆن لەم بوارەدا قسە بکات.
لەو ڕاپۆرتەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە حکومەتی ئەمریکا نیگەرانە لەوەی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی دژی سووریا ببێتە هۆی داڕمانی ڕژێمی جۆلانی و هەوڵدەدات ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان دیمەشق و تەلئەبیب واژۆ بکرێت.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو کە ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەقینە لەگەڵ سووریا لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە گرنگە.
شایانی باسە کە لە دوای ڕووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سووریا، نە شەڕی ناوخۆیی و گرژییە چەکدارییەکان لەم وڵاتەدا وەستاوە و نە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی دژی ناوچە جیاوازەکانی سووریا کۆتایی هاتووە. ترەمپیش سەیری جۆلانی دەکات وەک باشترین بژاردە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەمریکا لە سووریا، بە تایبەت تاڵانکردنی سەرچاوەکانی گازی و نەوتی ئەم وڵاتە.