عەلیڕەزا زەندیان، نوێنەری خەڵکی شاری بیجاڕ و بەرپرسی ئەنجومەنی نوێنەرانی کوردستان لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێراندا، ئاماژەی بە گرنگی ناوچەی ئازادی بازرگانی و پیشەسازی بانەــ مەریوان کرد و ئەم پڕۆژەیەی بە گرنگترین پۆتانسێلی گەشەسەندنی ئابووریی پارێزگاکە زانی و ڕایگەیاند: "جێبەجێکردنی ئەم پلانە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ململانێی ئیداری و لاوازی بەدواداچوون، لە لایەن بەڕێوەبەرانی پارێزگاکانەوە، دواکەوتووە.

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە: بە چالاککردنی ناوچەی ئازاد، کوردستان لە پارێزگایەکی بەکارهێنەرەوە دەگۆڕێت بۆ پارێزگایەکی بەرهەمهێنەر و هەناردەکار، هەزاران هەلی کاریش دەڕەخسێت.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی پارێزگای کوردستان ڕایگەیاند: ناوچەی ئازادی بانە–مەریوان پلانێکی ستراتیژییە کە دواکەوتووە، ئەمڕۆش پێویستە ئەم پلانە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی ئابووری و یارمەتیدانی بژێوی دانیشتوانی سەر سنوورەکان.

زەندیان بەشێکی بەرچاوی کێشەکانی بە هۆی گرنگی نەدان بە توانا سنوورییەکان زانی و وتی: سنووری باشماخ و سیرانبەند دەتوانن دوو ناوەندی سەرەکی هەناردەکردنی وڵات بن، بەڵام نەبوونی ژێرخانی ئابووری و کێشەی گومرگی و نەبوونی پلانی بازرگانی وایکردووە کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی خاو ببێتەوە. ناوبراو داوای باشترکردنی بازاڕەکان و پەرەپێدانی کۆگاکان و ئاسانکاری بۆ پرۆسەکانی گومرگی کرد.