بە پێی ڕاپۆرتی
جام کوردی، ڤیتامین D کە بە
ڤیتامین تیشکی خۆر ناسراوە، بۆ جەستەمان گرنگە چونکە یارمەتی بەهێزکردنی ئێسکەکان،
پاراستنی تەندرووستی ماسولکەکان و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری دەدات. تیشکی خۆر یارمەتیدەرە
بۆ بەرهەمهێنانی ئەم ڤیتامینە لە لەشدا، کەمی ئەو ڤیتامینە دەشێت بەهۆی دوورکەوتنەوە
لە خۆر، زۆر بەکارهێنانی فێنککەرەوە و خراپی خۆراک بێت.
کەمیی ڤیتامین
D دەتوانرێت بە
پشکنینی خوێن دەستنیشان بکرێت، بەڵام نیشانەی دیکەش هەیە کە جەستە ئاگادارمان دەکاتەوە.
سەرەڕای ئەوەش، کەمی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی جۆراوجۆر.
ڤیتامین D یارمەتی هەڵمژینی کالسیۆم و فۆسفۆر دەدات کە دوو کانزای گرنگن بۆ
بنیاتنانی ئێسکێکی بەهێز. کاتێک ڤیتامین D کەم بێت، لەش
ناتوانێت ئەم کانزایانە بە شێوەیەکی کاریگەر هەڵمژێت و دەبێتە هۆی نەرم، لاوازی و
ناسکی ئێسکەکان.
کەمی ڤیتامین
D دەبێتە هۆی
لاوازی، گرژبوون و ئازاری ماسولکەکان. ئەم ڤیتامینە زۆر گرنگە بۆ کاری گونجاوی
ماسولکەکان و کاتێک ڕێژەکەی کەم دەبێت، ماسولکەکان هەست بە ماندووبوون و ئەنجامدانی
چالاکیەکانی ڕۆژانە قورس دەبێت.
ڤیتامین D بۆ بەهێزکردنی
سیستەمی بەرگری زۆر گرنگە و یارمەتی جەستە دەدات بەرگری لە هەوکردنەکانی وەک هەڵامەت
و ئەنفلۆنزا و نەخۆشییەکانی هەناسەدان بکات. کاتێک ئاستی ڤیتامین D کەم دەبێت،
سیستەمی بەرگری لاوازتر دەبێت و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی زیاد دەکات.
ڤیتامین D کاریگەری لەسەر
تەندرووستی مێشک و ڕێکخستنی مەزاج هەیە. کەمی ڕێژەی ئەم ڤیتامینە پەیوەندی بە ناڕێکی
مەزاجی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ هەیە. ئەو کەسانەی کەمی ڤیتامین Dیان هەیە لەوانەیە هەست بە خەمباری، دڵەڕاوکێ یان سەختی خەوتن بکەن./.