دوای ڕەخنەگرتن لە گرانی نرخی بلیتی مۆندیال، فیفا ژمارەیەکی کەمی بلیتی 60 دۆلاری خستۆتە بازاڕەوە بە ئامانجی ئەوەی مۆندیالی ساڵی داهاتوو بە نرخێکی گونجاوتر بۆ هاندەرانی ئەو تیپانە بێت کە سەرکەوتوون بۆ قۆناغی کۆتایی.

دەستەی بەڕێوەبەری تۆپی پێ ڕایگەیاند کە بلیتی 60 دۆلاری ئەمریکی سەرجەم 104 یاریی مۆندیال دەگرێتەوە، بە یاری کۆتاییشەوە.

فیفا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "هاندەرانی ئەو تیپە نیشتمانیانەی کە سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی 2026 بەدەستهێناوە، سوودمەند دەبن لە ئاستێکی نرخی بلیتەکان کە بۆ ئەوە دانراوە بتوانن سەیری گەورەترین قۆناغی کێبڕکێ تۆپی پێ جیهان بکەن"

تەنها لەسەدا 10ی کۆی ئەو بلیتانەی کە پێشکەش بە هەر تیپێک دەکرێت، بە نرخی 60 دۆلار بۆ هەر یارییەک بەردەست دەبێت. بلیتی مۆندیال بە شێوەیەکی سنووردار بەردەست دەبێت کە لە 140 دۆلارەوە دەست پێدەکات بۆ قۆناغی یەکەمی یارییەکان و لە قۆناغەکانی دواتردا زیاد دەکات. نرخی بلیتی یاریی یەکەمی نێوان ئەمریکا و پاراگوای بە 2 هەزار و ٧٣٥ دۆلارە.