جام کوردی - فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، لە چاوپێکەوتنێکی تێروتەسەل لەگەڵ جام کوردی، سەردانەکەی ئەم دواییەی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بە دەرکەوتێکی ڕوونی دیپلۆماسیەتی چالاکی تارانی زانی و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم سەردانە بە ئامانجی قووڵکردنەوەی متمانەی دوولایەنە، فراوانکردنی هاوکاریی ئابووری و بازرگانی، چالاککردنی دیپلۆماسیی سنووری و سەقامگیریی بەردەوام لەسەر سنوورە هاوبەشەکان، ئەنجام دراوە.
کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بە ئاماژەدان بەو دیدار و کۆبوونەوانەی کە لە سەردانەکەی باڵیۆزی ئێران بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند: "ئەم سەردانە سەکۆیەکی گونجاوی بۆ دیالۆگی ڕاشکاوانە و بنیاتنەر لە نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕەخساند، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە چارەسەرکردنی هەندێک ناڕوونی و کەمکردنەوەی لێکتێگەیشتنی هەڵە و گۆڕینەوە و هاوبەشیی دیدگاکان."
فەرامەرز ئەسەدی، لە بارەی ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ڕوونی کردەوە: "یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، دیپلۆماسیەتی پارێزگارانی سنوورەکانە؛ ڕێبازێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە دەستپێشخەریی وەزارەتی دەرەوە پەیڕەو کراوە و بە بزوێنەری هاوکاریی کردەیی نێوان هەردوولا ناسراوە". ئاماژه ی به وه شدا: "هەرچەندە بەهۆی پێشهاتە ناوخۆییەکانی عێراق و بارودۆخی هەرێم و پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە، پچڕانێکی کاتی لەو پەیوەندیانەدا هەبوو، بەڵام ئەم پڕۆسەیە هەرگیز نەوەستاوە و بەدڵنیاییەوە بەرنامەی ساڵانەی پارێزگاری سنوورەکان بەردەوام دەبێت".
ناوبراو بە ئاماژەدان بە پێوەندی بەردەوامی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگا سنوورییەکانی ئێران، لەوانە کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، زەنجان، قەزوین، و تاران، ڕایگەیاند: “سەردانی بەرامبەری پارێزگاران و دامودەزگاکانی جێبەجێکار لە بەرنامەی کاردایە بە ئامانجی بەدواداچوون بۆ یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان، و چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکان، و ئەم پرۆسەیە پەیڕەو دەکرێت و بە جددییەکی زیاتر لە داهاتوویەکی نزیکدا”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر باسی لە پرسی ئاسانکاری جووڵەی کاسبکاران، بازرگانان، و چالاکانی ئابووری کرد و وتی: بازرگانی و هاوردە و ناردنی کاڵا لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی باشدایە و ئەو کێشانەی کە هەن سنووردارن و چارەسەر دەکرێن. جەختیشی لەوە کردەوە: "ئەوەی پەیوەندی بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانەوە هەیە، لەسەر ڕێگای ئاسانکارییە بە هەماهەنگیی هەردوولا و ئەو ئاستەنگانەی کە ماون بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت".
ئەسەدی بە ئاماژەدان بە دۆخی ئەمنی سنوورە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەدا: بە پێچەوانەی هەندێک گریمانەوە، لە ساڵی ١٤٠١ەوە تا ئێستا هیچ مەترسییەکی ئەمنی جددی لەسەر سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان نەبووە و ئەم سنوورانەش ئەمڕۆ بە سنووری ئەمن و دەرفەت ڕەخسێن ناسراون. ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایشی بەردەوام لەسەر سنوورەکان بنەمای بۆ هەردوولا دابینکردووە کە بە هاوبەشی سوودمەند بن لە توانا ئابووری و بازرگانی و کۆمەڵایەتییەکان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، بە گرنگیدان بە ڕۆڵی سەردانەکەی باڵوێزی ئێران لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی دوولایەن، فەرهەنگی و میدیایی، ڕایگەیاند: ئامادەبوونی مەیدانی باڵوێز و وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای متمانەی یەکتری بەهێزتر کردووە و ڕێگای هاوکاری لە بوارە جیاوازەکان بەتایبەت ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان خۆش کردووە.
کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بە ئاماژە بە بەردەوامیی ڕاوێژ و سەردانی هاوبەشی نێوان هەردوولا، ڕایگەیاند: لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها بەرپرسان و پارێزگارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاستە جیاجیاکان، گەشت دەکەن بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان و بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنەکان.
لە بەشی کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، ئەسەدی بە ئاماژەدان بە هەوڵی هەندێک لایەن بۆ دوورخستنەوەی ئێران و هەرێمی کوردستان لە یەکتر، جەختی لەوە کردەوە: "دوژمنانی ئەو دوو نەتەوەیە لە هەوڵی لاوازکردنی ئەو پەیوەندییانەن، لە کاتێکدا باشترین وەڵام بۆ ئەم پڕوپاگەندانە، بەهێزکردنی پەیوەندییە مەیدانییەکان و زیادکردنی کارلێکی ڕاستەوخۆ و داننان بە واقیعەکانی ئێستایە".
هەروەها ئاماژەی بە پۆتانسێلی هاوکاری لە بواری کشتوکاڵدا کرد و وتی: هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک شارەزور و گەرمیان پۆتانسێلی گونجاوی هەیە بۆ پەرەپێدانی هاوکاری کشتوکاڵی، هەروەها بەرژەوەندیی هاوبەش لە وەبەرهێنان و هەناردەکردن لەم بوارەدا هەیە، کە پێویستە بەشێوەیەکی دروست ئیستغلال بکرێت.
لە کۆتاییدا، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر جەختی لەوە کردەوە: سەردانەکەی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان پەیامێکی ڕوونە لەچوارچێوەی بەردەوامی دیپلۆماسی کارا و قووڵکردنەوەی متمانەی دوولایەنە و جوڵەی هاوبەش بەرەو گەشەسەندنی بەردەوام و سەقامگیری ناوچەیی، هەروەها ئیرادەی هەردوولا نیشان دەدات بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان لە هەموو بوارەکاندا، لە ئابووری و بازرگانییەوە تا دەگاتە کولتووری، ئاسایش و سنوور و دیپلۆماسی.