جام کوردی - پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق بە پاڵپشتیی سنوورە بەرفراوانەکانو پەیوەندیی قووڵی نەتەوەیی و کولتووری و کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان، لە مێژە لە هاوکێشە ئابوورییەکانی هەردوولادا جێگە و پێگەیێکی تایبەتی هەبووە. ئەم پەیوەندیانە بە تایبەتی لە پارێزگا سنوورییەکانی کرماشان و کوردستان، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە ئاوەدانی بازاڕەکان، هەلی کار و دینامیزمی ئابووریی ناوچەکەدا هەبووە.
بەشێکی بەرچاو لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بوارەکانی کەلوپەلی بەکاربەر، کەلوپەلی پیشەسازی، خزمەتگوزاری پزیشکی لە بازاڕی ئێرانەوە دابین دەکرێت. لەبەرامبەردا بازرگانان و کاسبکارانی عێراقی بە کوردی و عەرەبی زمانەوە، بە بەردەوامی بە سنوورە فەرمییەکانی پەرویزخان و باشماق، گەشت دەکەن و جگە لە هێنانی دراو بۆ ناو وڵات، لە هەندێک کەرتی پیشەسازی و ژێرخانی ئێران وەک وەبەرهێنەر و هاوبەشی ئابووری ئامادەیی چالاکانەیان هەیە.
بەڵام ژمارەیەک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی میدیاکانەوە سەبارەت بە هەندێ کێشە و پرسی جددی لە پڕۆسەی هاتوچۆی سنووری بەتایبەت مامەڵەی نەشیاو لە هەندێک دەروازەی فەرمی گلەیی و گازندە و سکاڵایان کردووە. بە وتەی ئەوان، دواکەوتنی درێژخایەن، نەبوونی ڕێکارێکی ڕوون بۆ جوڵەی بازرگانی و مامەڵەکردنێک کە کەرامەت و جێگە و پێگەی چالاکانی ئابووری لەبەرچاوناگرێت، بووەتە یەکێک لە تەحەددییە سەرەکییەکانی بازرگانی سنووری.
ئەم بازرگانانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرەڕای ڕۆڵی کاریگەریان لە بووژانەوە و خۆشگوزەرانی ئابووریی ناوچە سنوورییەکانی ئێران و داهاتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی بۆ ئەو وڵاتە، ڕووبەڕووی بارودۆخێک دەبنەوە لە سنوورەکانی پەرویزخان و باشماق کە لەگەڵ ئاستی پەیوەندییە ئابوورییەکان و دراوسێیەتی باشی نێوان هەردوولادا ناگونجێت. ئەوان پێیان وایە بەردەوامی ئەم دۆخە دەتوانێت پاڵنەری وەبەرهێنەرانی عێراق کەم بکاتەوە و بیانبات بەرەو بازاڕی ڕکابەرەکان.
بەم پێیە، بازرگانانی هەرێمی کوردستان داوای سەرەنج و گرنگیدانی تایبەتیان لە پارێزگارانی کرماشان و سنە بۆ ئەم داواکارییە کردووە و پێشنیاریان کردووە کە بە ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی بازرگانان و چالاکانی ئابووری و پێداچوونەوە بە شێوازی مامەڵە و هەڵسوکەوت لە سنوورەکان بەستێن بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە بازاڕی هەرێمی کوردستان لەباربکرێت. درووستکردنی ڕێڕەو یان ڕێکارێکی دیاریکراو و ئاسانکراو بۆ جووڵەی بازرگانان لە داواکارییە جددییەکانی ئەو بازرگانانەیە.
بازرگانان و چالاکانی ئابووری پێیان وایە ڕێکخستنی مامەڵە و هەڵسوکەوت لە دەروازە سنوورییەکان و ڕێزگرتن لە کەرامەتی بازرگانان تەنیا داخوازییەکی سەندیکایی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی دیپلۆماسی ئابووری و زیادکردنی متمانەی دوولایەنە و گەشەپێدانی بەردەوامی ناوچە سنوورییەکان. ئەوان هیوایان دەربڕیوە کە بە وریایی پارێزگارانی پارێزگا سنوورییەکان و هاوکاری دەزگا پەیوەندیدارەکان، شاهیدی باشتربوونی بارودۆخی هاتوچۆ و پێوەندیی بازرگانی لەسەر سنوورەکانی ڕۆژئاوای وڵات بن.
ڕەزا ڕەحمەتیان