ئەردەشیر کشاوەرز، مێژوونووسی پێشەنگی کرماشانی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگای میدیای جام کوری، وێڕای ئاماژە بە شوێنی یەڵدا لە بیروباوەڕی کۆنی ئێرانی و کوردیدا، وتی: یەڵدا وشەیەکی سریانییە و بە واتای لەدایکبوون دێت؛ لەدایک بوونی ڕووناکی، ڕۆشنایی و ڕزگاربوون لە هەژموونی تاریکی. ئەم شەوە بیرهێنانەوەی ئەوەیە کە تەنانەت لە درێژترین تاریکیشدا، بەرەبەیان سەرهەڵدەدات.

ناوبراو زیادی کرد: لە بیروباوەڕی ئەفسانەیی ئێرانییەکاندا و لە ئاکامدا لە فەرهەنگی گەلی کورددا، یەڵدا بە واتای تەسلیمنەبوونە لە بەرانبەر ئەهریمەنی تاریکی و پاراستنی هاوسەنگیی ڕۆح و هیوا و ژیانە.

فڕینی باڵندە؛ بەڵێنی باران و ڕووناکی سبەی

ئەو توێژەرە بە ئاماژە بە ڕێوڕەسمی ڕەسەنی کورد و لەکەکان لە کرماشان و کوردستاندا وتی: لە ڕابردوودا خەڵکی ئەو ناوچانە لە شەوی یەڵدا بە چاودێری کردنی جوڵەی باڵندەکان و ئەستێرە و دۆخی ئاسمان پێشبینی کەش و هەوایان دەکرد.

بە بڕوای کشاوەرز، ئاسمانی ڕوون و بێ پیسبوونی ئەو سەردەمە وایکردبوو کە بتوانرێت چاودێری فڕینی باڵندەکان بکرێت و جوڵەی باڵندەکان لە ساردسێرەوە بۆ گەرمەسێر لەلایەن خەڵکەوە وەک نیشانەی ڕەحمەتی خودایی لە دوای شەوی یەڵدا دادەنرا؛ نیشانەی هیوا و ڕووناکی و کۆتایی هاتنی سەرما.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە: ئەم جۆرە لە کرۆنۆلۆژیا زیاتر ئەرکێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوو و بەس بۆ پێشبینیکردنی کەشوهەوا نەبوو، و بە بیری خەڵکی دەهێنایەوە کە پاش هەر سەرما و سەختییەک ڕووناکی سەرهەڵدەدات.

ئەفسانەی یەڵدا لە فەرهەگی کوردیدا

کشاوەرز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئەفسانە باوەکانی شەوی یەڵدا لە نێو کورددا کرد و وتی: لەم گێڕانەوەیانە خێزانێک هەیە کە سێ کچ و کوڕێکیان هەیە کە هێمای چلە گەورە و چلە بچووکن.

ئەردەشیر لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "لە ئەفسانەکاندا دەوترێت کوڕی خێزانەکە لە شەوی ٢١ی ڕێبەندان بەرەو شاخەکان بەڕێدەکەوێت. سەرمای زۆر بێزاری دەکات، بەڵام بە هەندێک خۆپارێزی شەو تا بەیانی تێدەپەڕێت؛ هەرچەندە لە کۆتاییدا ژیانی لەدەست دەدات!"

بە بڕوای ئەم مێژوونووسە، ماتەمینی سێ ڕۆژەی خوشکەکان بۆ براکەیان کە کۆی گشتی ٩ ڕۆژ دەخایەنێت، هێمای کۆتایی زستان و لەدایکبوونەوەی زەوییە لە دوای کۆتایی هاتنی ڕێبەندان و سەرەتای مانگی ڕەشەمە؛ چەمکێک کە ساڵانە لەگەڵ هەناسەدانی سروشت دووبارە دەبێتەوە.

یاڵدا؛ باوەڕێکە نەک خورافات

کشاوەرز بە جەختکردنەوە لەسەر جیاوازی بیروباوەڕ و خورافات وتی: خەڵکی ئێرانی کۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاریکی زستان ڕزق و ڕۆزییان هەڵدەگرت و بە داگیرساندنی ئاگر، تاریکییان لە ژیانی خۆیان دوور دەخستەوە.

ناوبراو زیادی کرد: فێستیڤاڵەکانی ئاگر و ئاو ڕێوڕەسمی دێرینی ئێرانن؛ یەڵدا بە ئاهەنگی ئاگر و ڕووناکی دادەنرا و نەورۆز وەک ئاهەنگی ئاو و لەدایک بوونەوەی سروشت دەهاتە ئەژمار.

لە داگیرساندنی ئاگر لەسەربانەکانەوە تا قورسی گەرم

ناوبراو وتیشی: لە سەرەتای شەوی یەڵدا، ئێرانییەکان بە داگیرساندنی ئاگر لە سەربان و شوێنە بەرزەکان، یان بە داگیرساندنی چرا لە ماڵەکانیاندا پێشوازییان لە ڕووناکی دەکرد و لە دەوری قورسیەکان کۆدەبوونەوە بۆ ئەوەی لە تاریکی دوور بخەونەوە.

بە وتەی ئەو، بەکارهێنانی خۆراکی ڕەنگ گەشاوەی وەک شووتی و فندق و بادەمیش هێمای پەیوەندی بە ڕووناکیەوە بووە.

لە کۆتاییدا کشاوەرز ئاماژەی بەوەدا: "شەوی یەڵدا بە گێڕانەوەی چیرۆکە کۆنەکان و خوێندنەوەی شاهنامە کۆتایی دەهات؛ شەوێک کە دواجار بە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی لەدایکبوونی ڕووناکی و هیوا کۆتایی پێدەهات."

وتووێژ: لەیلا سەعدوەندی