بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا گوڵی لە ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و ناساندنی بەڕێوەبەرانی گومرگی خوسرەوی لە شاری قەسر شیرین، "بەڕێوەبردنی مەترسی"ی بە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی گومرگی وەسف کرد و وتی: ئەم ڕێبازە بە بەردەوامی لە سنوورەکانی وڵات جێبەجێ دەکرێت و ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە زیادکردنی خێرایی و وردبینی ڕێکارەکانی گومرگیدا.

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر پێگەی یاسایی گومرگ وەک بەڕێوەبەری یەکەی سنووری، زیادی کرد: هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا و ڕێکخراوە دراوسێکان پێویستە بۆ ڕێکخستنی کاروباری سنوورەکان و ئاسانکاری بۆ ڕەوتی بازرگانی و گومرگیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لەو ڕووەوە.

ئەو بەرپرسە هەروەها ئاماژەی بە کەمیی هێزی مرۆیی لەسەر گومرگەکان کرد و وتی: سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانە، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا بەبێ پچڕان بەردەوامە، هەروەها کۆنتڕۆڵەکانیش بە وردی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا و فەرمانە درچووەکاندا جێبەجێ دەکرێن.

ڕەزا گوڵی دواجار بە ڕێبازێکی ئاسانکاری چاکسازی لە یاسا و ڕێساکانی گومرگیدا ڕوونی کردەوە: ئامانجی ئەم چاکسازییانە خێراکردنی پرۆسەی بازرگانییە و لە هەمان کاتیشدا پاراستنی مەرجە یاساییەکانە.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا خزمەتەکانی مێهدی عەباسیان بەڕێوەبەری پێشووی گومرگی خوسرەوی بەرز نرخێندرا و داریوش سادقی وەک بەرپرسی نوێی ئەم گومرگە سنوورییە ناسێندرا.