بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرپرسی سەندیکای هۆتێلەکانی پارێزگای کرماشان دابەزینی بەرچاوی ژمارەی گەشتیارانی هەرێمی کوردستانی عێراقی ڕاگەیاند و وتی: بە پێچەوانەی هاوین، پاییزی ئەمساڵ یەکێک بووە لە کەم هاتوچۆترین خولەکان بۆ هۆتێلەکانی ئەو پارێزگایە.

بە وتەی ئاراش یەزدانفەڕ تێکڕای ڕێژەی کەڵکوەرگرتن لە قەرەوێڵە لە هۆتێلەکانی کرماشان لە ماوەی سێ مانگی پاییزدا گەیشتووەتە نزیکەی لەسەدا ٢٠ بۆ ٢٥ و تەنانەت لە هەندێک خاڵدا بۆ لەسەدا پێنج دابەزیوە.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: هۆکاری سەرەکی ئەم دابەزینە گۆڕانی ڕێڕەوی گەشتی گەشتیارانی عێراق بووە و دەشڵێت: "پێشتر گەشتیاران لە هەرێمی کوردستانەوە سەرەتا دەچوونە ناو کرماشان بۆ ئەوەی گەشت بۆ شارە جیاوازەکانی ئێران بکەن و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەم پارێزگایە دەمانەوە، بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی گەشتی ڕاستەوخۆ لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ کیش و مەشهەد، ئەم وەستانە بە کردەوە ڕاوەستا.

بەپێی وتەی یەزدانفەر، پشکی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتیی گەشتیارانی هۆتێلەکانی کرماشان کە پێشتر نزیکەی لەسەدا ٢٥ بوو، ئێستا بۆ نزیکەی لەسەدا ٥ کەمبووەتەوە و ئەمەش وایکردووە هەندێک هۆتێل لە لێواری بێ قازانج بوون و تەنانەت گۆڕینی بەکارهێناندا بن.

بەرپرسی سەندیکای هوتێدارانی کرماشان بە ئاماژە بە ئاسۆی زستانە، هیوای ئەوەی دەربڕی کە ئاسانکاری و قەرزە چاوەڕوانکراوەکانی حکوومەت، وەک چارەسەرێکی کاتی، یارمەتی هۆتێلەکانی پارێزگاکە بدات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی وەرزی سەرما و گەشتوگوزار لەو پارێزگایەدا لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵ دیسان ببووژێتەوە.