بە پێی ڕاپۆرتی جامی کورد، لە کۆبوونەوەی کاسبکاران و بازرگانانی پارێزگای سنە لەگەڵ بەرپرسی سەندیکای هەناردەکاران و هاوردەکارانی هەرێمی کوردستان و بە بەدواداچوونی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕاگەیەندرا کە بەم زووانە ڕێڕەوێکی تایبەتی سی ئای پی بە مەبەستی هاتۆچووی کاسبکارانی عێراق لە سنووری باشماخەوە دەست پێدەکات.
لەم دیدارەدا ڕاوێژکاری ئابووری ئێران لە سلێمانی جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگای تایبەتی سی ئای پی لەسەر سنووری باشماخ لە داهاتوویەکی نزیکدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕاوێژکاری ئابووری ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند، فەرمانی پێویست بۆ دروستکردن و خستنەگەڕی ڕێڕەوی سی ئای پی دەرچووە و لە ئێستادا ئاسانکاری و ژێرخانی پێویست بۆ ئەم ڕێگایە جێبەجێ دەکرێت؛ کردارێک کە بتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە ئاسانکاری هاتووچۆ و کەمکردنەوەی کێشە سنوورییەکان و زیادکردنی ڕەزامەندی کاسبکارانی عێراقی.
لە درێژەدا محەممەد مێهدی ڕاجی، ڕاوێژکاری ئابووری ئێران لە سلێمانی ئەم هەواڵەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند: لەمەودوا کاسبکاران و بازرگانانی عێراق لەڕێگەی هێڵێکی تایبەت بە سی ئای پی و لەگەڵ جێگیرکردنی هێزی ڕاهێنراو خزمەتگوزاری سنوورییەکان وەردەگرن؛ جێبەجێکارییەک کە بۆ یەکەمجارە بەمەبەستی ئاسانکاری و خێراکردنی خزمەتگوزارییە تایبەتەکان بۆ بازرگانانی عێراقی جێبەجێ دەکرێت.
ناوبراو هەروەها به هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی بازرگانی ئێران له سلێمانی دەستپێکردنی ناوەندێکی ناوبژیوانی و چاەسەڕکردنی ناکۆکییەکانی لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕاگەیاند.
فەرزاد جەعفەرپوور، بەرپرسی ناوەندی بازرگانی ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند: پلان دانراوە بۆ دەستپێکردنی ناوەندێکی ناوبژیوانی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، ئەم ناوەندەش لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە بە مۆڵەتی دەسەڵاتی دادوەری چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و تا ئێستا زیاتر لە 70%ی ئامادەکارییەکان و ئەو ئاستەنگەکانەی کە بوونیان هەیە لابراون.
بە وتەی ناوبراو، بڕیارە ئەم سەنتەرە لە ساڵی نوێدا بە فەرمی دەست بە چالاکییەکانی بکات.