نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران و نوێنەری یەکێتی لە تاران، وتی: پەیوەندییە مێژووییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکێتی و کورد بە گشتی، شایەتحاڵی ڕاستەقینەی چەند دەیەی ڕابردووی ئەو پەیوەندییە بەردەوام و گرنگەن و لێدوانی کەسانی تێکدەر و چەواشەکار ناتوانن کاریگەرییان لەسەر هەبێت.
دەباغ لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە ڕاپۆرتێکی ئاژانسێکی هەواڵ لە ئێران سەبارەت بە قوباد تاڵەبانی، ڕایگەیاند: ئەوەی بڵاوبۆتەوە و ئەم جۆرە جووڵانە، هەوڵێکە بۆ تێکدانی پەیوەندییە مێژووییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کورد بە گشتی. ئەم هەوڵە تێکدەرانە کاریگەرییەکی وای لەسەر ئەم پەیوەندییە بەردەوامانە نییە؛ چونکە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و بەتایبەتی یەکێتی و کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها کەسایەتی جەلال تاڵەبانی، زۆر لەوە گەورەترن شتی وا بێ بایەخ و کەسانی تێکدەر و چەواشەکار کاریگەریی سلبی بکەنە سەریان.
ئەو دیپلۆماتکارە ناسراوە لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە: "ئێمە لە پەیوەندی ڕۆژانە و بەردەوامداین لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار لە تاران و هەر لە یەکەم ساتەکانی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی چەواشەکارانە دژی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو هەوڵە تێکدەرانە و چەواشەکارانەیان شەرمەزار کرد".
دەباغ ئاماژەی بەوەشدا؛ سکاڵامان لەسەر ئەو کەسانە تۆمار کردووە کە ڕاپۆرتی ناڕاست و تێکدەرانەیان بڵاوکردۆتەوە و لە ڕێگەی پارێزەری یاسایی و دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەدواداچوون بۆ ئەنجامەکانی دەکەین.