لە دانپێدانانێکی دەگمەندا لە سوپای ئیسرائیل، ژمارەیەک ئەفسەری یەدەگ کە لە دەوروبەری «هێڵی زەرد» لە کەرتی غەززە جێگیر بوون، دانیان بەوەدا ناوە کە بزووتنەوەی حەماس لە بەر چاوی سوپای ئیسرائیل توانای شەڕی خۆی بنیات دەنێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕووسیا تودەی، ئەفسەرێکی یەدەگ کە تا دوو هەفتە لەمەوبەر لە نزیک «هێڵی زەرد» جێگیر بووبوو، بە ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ڕاگەیاندووە، ئێمە دەبینین حەماس خۆی بنیات دەنێتەوە و تەقەمەنی دەچێنێت و ژێرخانەکان نۆژەن دەکاتەوە، بەڵام ڕێگەمان پێنادرێت تەقە بکەین مەگەر دوای ڕەزامەندی فەرماندە باڵاکان و دوای ئەوەی ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دیاری بکرێت.

ئەو ئەفسەرە ئیسرائیلییە زیاتر وتی، سوپای ئیسرائیل تاکە لایەنە کە دەتوانێت غەززە لە چەک دابماڵێت، بەڵام لە ڕاستیدا کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە ڕادەستی ئەمریکییەکان کراوە و هیچ کارێک بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا ناکرێت.

ئەفسەرێکی دیکەی ئیسرائیلی بە یەدیعوت ئەحرۆنۆتی ڕاگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل بە کردە هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر ئەو شتانەدا نییە کە لە ڕۆژئاوای هێڵی زەرد ڕوودەدەن، ئەندامانی حەماس بە جلی مەدەنی و تەنانەت جلیقەی دژە گوللەشەوە بە چاونەترسیەوە دەسوڕێنەوە و خێمە دادەنێن و دامەزراوەکانی حوکمڕانیان دامەزراندەوە بەبێ ئەوەی سوپا بتوانێت دەستوەردان بکات.

هەروەها ئەفسەرێکی یەدەگ وتی، ئێمە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هێڵی زەرد کۆنتڕۆڵ دەکەین، بەڵام هیچ ئامادەیییەکی سەربازیمان نییە لە ڕۆژئاوای ئەم هێڵە، کە حەماس بە ئازادییەکی تەواوەوە تێیدا چالاکی هەیە.

بە وتەی ئەفسەرانی ئیسرائیلی، لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل باسی سەرکەوتن دەکات، ڕەنگە لە چەند مانگێکی تردا حەماسێکی بەهێز و ڕێکخراو ببینین کە ژێرخانی خۆی بنیات ناوەتەوە.