ڕۆژنامەی ئەمریکی «واڵ ستریت جۆرناڵ» نووسیویەتی، لە کاتێکدا ئیسرائیل لەسەر ئاستی جیهان وەک زلهێزێکی گەورە لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا ناسراوە، هاککەرە پەیوەندیدارەکانی دوژمنە سەرەکییەکەی، ئێران، توانیویانە زنجیرەیەک هێرشی ئەلیکترۆنی سەرکەوتوو دژی ئیسرائیل ئەنجام بدەن.
بە گوێرەی ئەلنەشره، واڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی، هاککەرەکان کەڵکیان لە کەلێنی ئەمنیی وەرگرتووە بۆ چوونە ژوورەوەی دامەزراوانێک کە ئاستی پاراستنی ئەمنییان کەمترە لە ئاستی پاراستنی ئەمنیی دامەزراوە ژێرخانە هەرە گرینگەکانی ئیسرائیل.
ئەو ڕۆژنامەیە زیادیشی کردووە، ئیسرائیل ستانداردێکی ئەمنیی بەرزی هەیە بۆ پاراستنی ژێرخانە هەرە گرینگەکان وەک تۆڕی کارەبا لە هێرشی ئەلیکترۆنی، بەڵام ئەم ستانداردانە لەبارەی دامەزراوە کەم گرینگترەکان وەک نەخۆشخانەکان ڕەچاو نەکراون، کە بوونە قوربانی هێرشە ئەلیکترۆنییە پەیوەندیدارەکان بە ئێرانەوە.
ژمارەیەک لە بەرپرسان و شارەزایانی ئەمنیی ئیسرائیلی ڕایانگەیاندووە، لە کاتێکدا یاسای ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە کەنێسێت پەسەند بکرێت، ئیسرائیل دەتوانێت مەودای ستانداردە تووندەکان فراوان بکات بە جۆرێک کە دامەزراوانێک جگە لە ژێرخانە هەرە گرینگەکان بگرێتەوە.