لە لێدوانێکی شەڕانگێزانەدا، وەزیری بەرگری ئیسرائیل وێڕای ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە کشانەوەیەک لە غەززە، پلانی دروستکردنی بنکەی نوێی لە باکووری کەرتی غەززە ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی شەرق ئەلئەوسەت، ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل بەڵێنی داوە کە تەلئەبیب هەرگیز لە کەرتی غەززە ناکشێتەوە و بنکەی سەربازی-کشتوکاڵی نوێ لە باکوری غەززە دروست دەکات بۆ جێگرتنەوەی ئەو شوێنە نیشتەجێبوونانەی کە لە کاتی کشانەوەی ساڵی ٢٠٠٥دا چۆڵکراون.
میدیا ئیسرائیلییەکان لە زاری کاتزەوە لە میانەی مەراسیمێکدا لە شارۆچکەی بەیت ئێل وتیان: "ئەم کارە بە شێوەیەکی دروست و لە کاتی گونجاودا ئەنجام دەدەین و هەرچەندە ڕەنگە هەندێک ناڕەزایەتی دەرببڕن، بەڵام کۆنتڕۆڵی کاروبارەکان بەدەست ئێمەیە.
ئەم لێدوانەی کاتز لە کاتێکدایە کە قسە و باسەکان لەسەر پلانە درێژخایەنەکانی ئیسرائیل بۆ غەززە لە دوای ئاگربەست لەگەڵ حەماس زیادی کردووە.
قسەکانی کاتز هەروەها وەک وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ئەگەری لکاندنی کەناری ڕۆژئاوای لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕەتکردبووەوە.
کاتز لەم بارەیەوە وتی ئەم حکومەتە حکومەتی دانیشتووانی شارۆچکەکانە، ئەگەر بتوانرێت سەروەری جێبەجێ بکرێت، جێبەجێی دەکەین، ئێستا لە قۆناغی سەروەری پراکتیکیداین.
وتیشی: بەهۆی ئەو خۆڕاگری و هێزەی ئیسرائیل دوای کارەساتە ترسناکەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر نیشانی داوە، ئێستا دەرفەتگەلێکمان لەبەردەستدایە کە ماوەیەکی زۆرە نەمانبینیوە.
دوابەدوای ئەو مەراسیمە، بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیلیش بە شانازییەوە باسی لە هەڵمەتی بەرفراوانی نیشتەجێکردن لە کەرتی ڕۆژئاوا لە ساڵانی ڕابردوودا کرد و جەختی لە بەردەوامیی ئەم پرۆسەیە کردەوە.