جام کوردی - لە سەردەمێکدا کە سیاسەت بە خێرایییەکی ماندووکەر دەجووڵێت و هەندێک جار پێش بیرکردنەوە وشەکان بەکاردەهێنرێن، هێشتا کولتوور و میدیا دەتوانن ڕۆڵی «سوکانێکی عەقڵانیەت» بگێڕن؛ کە گفتوگۆ جێگەی ڕووبەڕووبوونەوە دەگرێتەوە و لێکتێگەیشتنی یەکتر بەسەر تێنەگەیشتنەکاندا زاڵ دەبێت.
هەرێمی کوردستانی عێراق بە هەموو ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەکانییەوە، کۆمەڵگەیەکی زیندوو و دینامیکییە کە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە گێڕانەوەی هێمن و ورد و بەرپرسیارانە هەیە. ئەو گێڕانەوەیانەی کە نە بەدوای لایەنگریدا دەگەڕێن و نە هاندان؛ بەڵکو هەوڵدەدەن وێنەیەکی تەواوتر لە واقیع بۆ بینەر بخەنە ڕوو.
لە ڕوانگەی دراوسێیەکەوە، ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە، بەردەوامیی وتووێژەکەیە؛ دیالۆگێک کە تەنها لە ژوورە سیاسییەکاندا ئەنجام نادرێت، بەڵکو لە میدیا و زانکۆ و بۆنە کولتوورییەکان و وەرزش و کارلێکە گشتییەکاندا بەردەوام دەبێت. ئەزمونی ساڵانی ڕابردوو دەریخستووە کە لە هەر شوێنێک کەلتوور و میدیا دەرفەتی کاریگەرییان هەبووبێت، تێچووی سیاسی و کۆمەڵایەتی کەم بووەتەوە و بوارەکانی هاوکاری بەهێزتر بووە.
میدیا بەرپرسیارەکان، بە تایبەت میدیا سنوورییەکان، ئەرکی دوو هێندەیان هەیە؛ ئەوان تەنها دابینکەری هەواڵ نین، بەڵکو وەرگێڕی فەزاکەشن. لێکدانەوەی درووست دەتوانێت هیوا درووست بکات و لێکدانەوەی بەپەلە، بێمتمانەیی. لەم جۆرە هەلومەرجەدا نووسینی هێمن و وردبینی نیشانەی کۆنەپەرستی نییە، بەڵکو پێویستی پیشەییبوونە.
هەرێمی کوردستان و دراوسێکانی، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بە گێڕانەوەیانە هەیە کە پشت بە هاوبەشییەکان ببەستێت؛ لەسەر کولتووری نزیک و مێژووی تێکەڵاو و بەرژەوەندی هاوبەشی خەڵک. گێڕانەوەگەلێک کە دەریبخات لە دەرەوەی سیاسەتی ئەمڕۆ، ژیان بەردەوامە، داهاتووش بەرهەمی گفتوگۆکانی ئەمڕۆیە.
ئەم ستوونە هەوڵێکە بۆ بینینی هەرێم لە گۆشەیەکی جیاوازەوە؛ گۆشەیەک کە نە لە سەرەوە دەڕوانێت و نە لە دوورەوە، بەڵکوو لە نزیکیی دراوسێیەتی. گۆشەیەک کە پێی وایە کولتوور، ئەگەر بە درووستی ببینرێت و بگێڕێتەوە، دەتوانێت نەرمتر لە سیاسەت قسە بکات؛ بەڵام کاریگەری قووڵتری هەبێت.
گۆشەی «هەرێم لە ڕوانگەی دراوسێیەکەوە» | جام کوردی