محەممەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە گرووپەکانی موقاوەمەی عێراقی بە هۆی نیگەرانییەکان لە دەرئەنجامەکانی قۆرخکاریی چەک دوودڵن. پێوەندی ئێران لەگەڵ ئەو گرووپانە لە مێژینەیە، بەڵام ئەوان گەیشتوونەتە قۆناغێک کە دەتوانن سەربەخۆ بڕیار بدەن.

ئال سادق باسی لەوەش کرد کە لە سەردەمی حکوومەتی محەممەد شیاع سودانیدا، ئێران پارەی زیاتری وەرگرتووە لەوەی کە لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوودا دەکرا.

سەبارەت به دانانی نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عێراق، باڵیۆزی ئێران ڕوونی کردەوه که دۆخی عێراق به شێوه یه که ئەم کاره پێویست نییه و پێویسته به دابەزاندنی پلەی باڵیۆزخانەی واشنتۆن له بەغدا بۆ کارگێڕ لێکدانەوەی لەسەر بکرێت.

ناوبراو وەسفکردنی گرووپەکانی موقاوەمە بە «گرووپی بەوەکالەتی ئێران» بە سووکایەتیکردن بە مێژوو و قوربانیدانەکانیان زانی و جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانی ئێران لەو گرووپانە لە شەڕی دژ بە داعش بە مانای قسەکردن یان هەڵسوکەوتکردن بە ناوی ئەوانەوە نییە. ئەم گرووپانە گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێگەیشتن و گەشەکردن کە بتوانن بڕیاری سەربەخۆ بدەن.

باڵیۆزی ئێران لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە تاران ڕێز لە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق دەگرێت و هەرچی مافەکانی موقاوەمە و سەروەری حکومەت بپارێزێت، کارلێکی ئەرێنی لەگەڵدا دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوون وەک سەرۆکوەزیرانی سودان بۆ خولی دووەم یان دابەشکردنی کورسییەکانی هەڵبژاردن، هەڵبژاردەیەکی تایبەتە بۆ گەلی عێراق و هێزە سیاسییەکانیان.

سەبارەت به گرژییەکانی ناوچه، ئال سادق ڕایگەیاند که ئێران بۆ جارێکی تر گەیشتووەته ئامادەیی تەواوی بۆ وەڵامدانەوەی هەر کردەوەیەکی دوژمنکارانەی ڕژێمی زایۆنی. ڕژێمی زایۆنی دەستەوداوێنی ئەمریکا بووە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند ڕازی بوونی تاران به ئاگربەست، بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی ئەو کەسانەیە که ئێران به خوازیاری درێژەپێدان به شەڕ تۆمەتبار دەکەن.

باڵیۆزی ئێران لە بەغدا هەروەها باسی لە چاودێریکردنی گەشتە سیخوڕییەکانی فڕۆکە ئەمریکییەکان کرد کە ئاسمانی عێراق بەکاردەهێنن بۆ سیخوڕیکردن و وەرگرتنی زانیاری لەسەر خاکی ئێران، هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی سیستەمی سیاسی عێراق ئەگەر بە فەرمی داوای لێبکرێت.

باڵوێزی ئێران «گەردەلولی ئەقسا»ی بە بڕیارێکی تەواو فەلەستینی و کاردانەوەیەکی سرووشتی بەرامبەر بە گەمارۆی ستەمکارانە وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە میحوەرەکەی موقاوەمە ئەمڕۆ بووەتە تۆڕێکی بەستراوتر و بەهێزتر. پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی تەنانەت دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریاش بە بەهێزی ماوەتەوە.

لە بواری ئابوریشدا ئال سادق ئاماژەی بەوەدا کە بڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق 12 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەمەش ئامارێکە بە لەبەرچاوگرتنی ئاسانکارییەکانی ئێستا لەلایەن هیچ لایەنێکەوە پێشبینی نەدەکرا.

ناوبراو ئاماژەی بە بوونی داواکارییە داراییەکانی ئێران لە بانکە عێراقییەکان کرد، کە تاران بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە ناتوانێت سوودی لێ وەربگرێت.

ئال سادق لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە سیاسەتی واشنتۆن گرت بۆ قەدەغەکردنی دۆلار بۆ ئەو بازرگانانە عێراقییانەی کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن.

باڵیۆزی ئێران ستایشی پەیوەندییە «گەرم و گوڕییەکان»ی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق کرد و سوپاس و پێزانینی بۆ هەڵوێستی «شەرەفمەندانە»ی هەرێم لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا دەربڕی.

جەختیشی کردەوە سەردان و هەماهەنگی لە بەرزترین ئاستدا بەردەوام دەبێت.

هاوکات داوای ڕێککەوتنێکی ئەمنیی تۆکمە لە نێوان وڵاتانی کەنداودا کرد بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە، دوور لە دەستوەردانی دەرەکی و سیاسەتە بێباکانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

ئال سادق بەتووندی ئەو بانگەشانەی ڕەتکردەوە کە ئێران ڕوو لە چەکی ئەتۆمی دەکات و بە «درۆ و بوختان» ناوی برد.

ناوبراو فەتوای ئایینیی هێنایەوە کە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژی قەدەغە دەکات و جەختی لەوە کردەوە کە بۆچوونی ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی شۆڕش، بۆچوونێکە کە «عێراقێکی بەهێز و ئاوەدان» بە بناغەی سەرەکی سەقامگیریی ناوچەکە دەزانێت.