بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود ڕەشیدی ئێقدام، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئابووری و دارایی پارێزگای کرماشان، بە ڕاگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە، وتی: دووهەمین کۆنفرانسی گەورەی ناساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە پارێزگای کرماشان لە ١٢ تا ١٥ی گوڵانی ساڵی داهاتوو بەڕێوە دەچێت و هاوکاتی ئەو کۆنفڕانسە لەگەڵ بۆنەی "ئێرانی گیان" دەتوانێ هەلێ بێت بۆ باشتر بینینی تواناکانی پارێزگاکە.
ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر ڕوانگەی بەربڵاوی ئەم ڕووداوە، زیادی کرد: باڵیۆز، ڕاوێژکارانی ئابووری، و سەرۆکی ژوورە بازرگانییە هاوبەشەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆر لە لیستی بانگهێشتکراوەکانی ئەم کۆنفرانسەدان بۆ دابینکردنی هەلێک بە مەبەستی مامەڵەی ڕاستەوخۆی نێوان وەبەرهێنەرانی بیانی و دەرفەتە ئابوورییەکانی کرماشان.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئابووری و دارایی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند کە ئامانجی سەرەکی ئەم کۆنفرانسە ڕاکێشانی وەبەرهێنانە و وتی: پاکێجی وەبەرهێنانی تایبەت پەرەی پێدراوە بۆ ئەوەی لەم بۆنەیەدا پێشکەش بکرێن و هاندانی پێویست بۆ وەبەرهێنەران دابین کراوە.
ڕەشیدی ئێقدام بە ئاماژەدان بە دیزاینی پێکهاتەی تایبەتمەندی کۆنفرانسەکە، هەواڵی لە پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لە بوارەکانی وزەی نوێبووەوە، ئابووری لەسەر بنەمای زانیاری، و بەشە لە پێشینەکانی تری دا و ئاماژەی بەوەشکرد: "بەڕێوەبردنی پەنێڵی تایبەتمەند، خولی ڕاهێنان، و کۆبوونەوەی کارناسانە، لە بەشە جیاوازەکانی ئەم کۆنفرانسەن.
ناوبراو زانکۆی ڕازی کرماشان و هۆتێل پارسیانی وەک بژاردەی پێشنیارکراوی بۆ میوانداریکردنی ئەم چالاکییە ڕاگەیاند و هیوای دەربڕی کە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی پارێزگاکانی دیکە، دەرئەنجامی ئەم کۆنفرانسە ببێتە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی کاریگەر و گەشەسەندنی ئابووریی پارێزگای کرماشان.