بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە پارێزگا سنوورییەکانی ڕۆژئاوای وڵاتدا، هەمیشە یەکێک بووە لە پایە سەرەکییەکانی خۆشگوزەرانی ئابوری و هەلی کار و داهاتی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی.
کرماشان و کوردستان، بە هۆی سنوورە چالاکەکان و پەیوەندییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانەوە، پشکێکی بەرچاویان هەیە لە دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ بازاڕی هەرێمی کوردستان.
بەڵام لەچەند هەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە بازرگانان و کاسبکارانی عێراقی ڕەخنەیان لە پرۆسەی هاتوچۆ لەسەر سنوورەکانی پەرویزخان و باشماخ گرتووە و گلەییان لە دواکەوتنی درێژخایەن و نەبوونی ڕێکاری ڕوون و هەندێک مامەڵەی نەشیاو کردووە؛ پرسگەلێک کە بە وتەی ئەوان لەگەڵ پێگەی چالاکی ئابووری و ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوولا یەکناگرێتەوە و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی پاڵنەری وەبەرهێنەرانی عێراقی.
هەر لەو پێوەندییەدا، پارێزگای کوردستان بە بەدواداچوون لەگەڵ ئۆرگانەکانی جێبەجێکردن و کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستپێکردنی ڕێڕەوی تایبەتی سی ئای پی بۆ بازرگانانی عێراقی لە سنووری باشماخەوە ڕاگەیاند؛ ڕێوشوێنێک کە ئامانجی ئاسانکاری هاتوچۆ و کەمکردنەوەی گرژییە سنوورییەکان و باشترکردنی ڕەزامەندی بازرگانانە و لەلایەن چالاکوانانی ئابوورییەوە وەک چارەسەرێکی پراکتیکی سەیر کراوە.
لە کرماشانیشدا، سەرپەرشتی جێگرەوە بۆ هەماهەنگی کاروباری ئابووری لە پارێزگا، لە وڵامی بەدواداچوونەکانی دەزگای میدیایی جام کورد، دەستپێکی پڕۆسەی چاکسازی ڕێوشێنەکانی لە سنووری پەرویزخانەوە ڕاگەیاند.
قوباد شەعبانی بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی تایبەتمەند و ئامادەبوونی بریکاری وەزیری ڕێگاوبان و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ئێران لەو پارێزگایەدا وتی: لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بڕیاری باش دراوە بۆ باشترکردنی دۆخی ئێستا، کە کاریگەرییەکانی وردە وردە لە پرۆسەی هاتوچۆی سنووری و خزمەتگوزارییەکاندا دیار دەبێت.
ناوبراو هەروەها هەواڵی لە هەبوونی پلان بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی عێراقی له هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕپرسانی ئێرانی له داهاتوویەکی نزیکدا، دا و ڕاشیگەیاند: ئامانجی ئەم دانوستانانه هەماهەنگی زیاتر و لابردنی ئاستەنگەکان و باشترکردنی بارودۆخی هاتوچۆی بازرگانانی هەردوولایه.
بەپێی ئەو پێشنیازانەی جێگری ئابووری پارێزگای کرماشان پێشکەشی کردووە، جێبەجێکارییەکان وەک فراوانکردنی پردی سنووری پەرویزخان، جیاکردنەوەی ڕێڕەوی گەشتیاری و بازرگانی، زیادکردنی ئامێری X_Ray، جێبەجێکردنی پلانی لۆجستیکی سنووری، دامەزراندنی بەڕێوەبردنی یەکانەی سنووری، و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ لایەنی عێراقی، لەو چارەسەرانەن کە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە ئاسانکاری بازرگانی و کەمکردنەوەی کێشە سنوورییەکان.
بێ گومان چاکسازی لە ڕێ وشوێنە سنوورییەکان و ڕێزگرتن لە کەرامەتی کاسبکاران تەنیا داواکارییەکی سەندیکایی نییە، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی پێگەی ئێران لە بازاڕی هەرێمی کوردستانی عێراقدا؛ بازاڕێک کە لە بارودۆخی کێبڕکێی ناوچەییدا، پێویستی بە بڕیاری پراکتیکی و هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان دەزگا جێبەجێکارەکانی هەردوو دیوی سنوورەکەدا هەیە.
وتووێژ: لەیلا سەعدوەندی