یوسف ڕەجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان جەختی لە گرنگی دامەزراندنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەی کردەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەلجمهوریە، ناوبراو وەڵامی پەیامێکی سەید عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانی دایەوە کە پیرۆزبایی دەستپێکردنی ساڵی نوێی لێکردبوو.

ڕەجی لەم پەیامەدا جەختی لەوە کردەوە کە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بابەتگەلێکن کە لوبنان و ئێران و تەواوی ناوچەکە پێویستیان پێیەتی.

وەزیری دەرەوەی لوبنان داوای کرد لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و لوبنان بکرێتەوە.

ناوبراو وێڕای دووپاتکردنەوەی خواستی بەیروت بۆ دیالۆگی ڕاستگۆیانە و شەفاف کە دەبێتە هۆی پتەوکردنی متمانەی نێوان هەردوو وڵات، جەختی لەسەر پێویستی پەیوەندییەکانی تاران و بەیروت لەسەر بنەمای ڕوانگەیەکی بنیاتنەر و بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر کردەوە.

لە کۆتاییدا ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاوکاری دوولایەنە لە نێوان حکومەتەکانی ئێران و لوبنان و بە تایبەتی لە نێوان دامەزراوە یاساییەکانیان ئەنجام بدرێت، لە پێناو پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی گەلانی لوبنان و ئێران.