کریستی کۆڤێنتری، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئیتاڵی ڕایگەیاند، تەنانەت ئەگەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بکرێت، ئەوا وەرزشوانانی ڕووسیا ڕێگەیان پێنادرێت نوێنەرایەتی وڵاتەکەیان بکەن لە ئۆڵۆمپیادی زستانەی میلانۆ- کۆرتینا.

کۆڤێنتری لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کۆریرە دێلا ڕایگەیاند کە هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستی ئێستای IOC سەبارەت بە بەشداریکردنی ڕووسیا لە یارییەکانی 2026دا ڕوونادات.

بەپێی یاساکانی ئێستا، وەرزشوانانی ڕووسیا و بیلاروس تەنها دەتوانن وەک بێلایەن و بەبێ هێما و ئاڵا و سروودی نیشتمانی بەشداری پێشبڕکێکان بکەن.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، کۆڤێنتری لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەگەری ڕێککەوتنی ئاشتی دەتوانێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی ڕووسیا وەک وڵاتێک ڕایگەیاندووە: "لەم قۆناغەدا هیچ شتێک ناگۆڕێت".

لە ساڵی 2022 وە وەرزشوانانی وڵاتانی ڕوسیا و بیلاروس لە بەشداری پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا بایکۆت کراون، ڕووسیا مێژوویەکی دەوڵەمەندی لەمەڕ ئۆڵۆمپیاد هەیە، لە ساڵانی 1980 و 2014 میوانداری یارییەکانی کردووە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی ماددە هۆشبەرەکان و هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا ڕووبەڕووی بایکۆت و سنووردارکردن بووەتەوە.