سودانی بە ڕاشکاوی بە شاندی یەکگرتووی ڕاگەیاندووە، کە خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی ڕابردوو لە دەسەڵاتی حکومەتی ئێستادا نییە، چونکە تەرخانكراوی دارایی نەماوە. تاکە دەرچە بۆ گەڕانەوەی ئەو پارەیە، جێگیرکردنیەتی لە یاسای بودجەی 2026 و مەرجکردنیەتی لەسەر سەرۆک وەزیرانی داهاتوو.
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوو شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتە سیاسییەکان و دۆخی بژێوی هاووڵاتیان کرا و شاندی میوان پێنج داواکاریی سەرەکییان خستە بەردەم سەرۆک وەزیران.
د. موسەنا ئاماژەی بەوەداوە، شاندی یەکگرتوو جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت غەدر لە فەرمانبەرانی هەرێم بکرێت و پێویستە مووچەی ئەو دوو مانگەی ساڵی ڕابردوو خەرج بکرێت. لە بەرامبەردا سودانی ڕایگەیاندووە “بەهۆی داخرانی وردبینی دارایی ساڵی ٢٠٢٥، بڕیاردراوە ئەم کێشەیە لە چوارچێوەی بودجەی ٢٠٢٦ چارەسەر بکرێت”.
پەیوەست بە دابینکردنی ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت، کە بڕیار بوو ساڵی ڕابردوو بدرێتە خەڵکی هەڵەبجە، سەرۆک وەزیران داوای کرد نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی نەوت بکرێت بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەو بڕە نەوتە بۆ هاووڵاتیانی پارێزگاکە خەرج بکرێت”.
لە وەڵامی داواکاری شاندەکە بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران، سودانی ئاماژەی بە بوونی کێشەی نەختینەیی (سیولە) کرد و وتی “لە ئێستادا لەبەر کەمی پارە، پێشینەمان داوە بە مووچە، چاودێری کۆمەڵایەتی و بەشەخۆراک، بەڵام هەوڵ دەدەین مانگانە بەش بەش پارەی جوتیاران و بەڵێندەران خەرج بکەین.”
لەسەر داوای دکتۆر موسەننا ئەمین و شاندى یەکگرتوو بۆ ڕزگارکردنی ئەو گەنجە کوردانەی لە لیبیا گیریان خواردووە، سودانی ڕەزامەندی نیشاندا و بڕیاریدا “فڕۆکەیەکی تایبەت بنێرێت بۆ هێنانەوەی زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتی کورد کە لەو وڵاتە پەنابەرن و دۆخیان نالەبارە”.