ستیفان دوژاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گرژییەکانی هێزەکانی سەر بە شەرع و هەسەدە، راگەیاند "ئەو ڕاپۆرتانەمان بینیون لەبارەی زیادبوونی گرژییەکان هەن، هەروەها ئاگاداری راپۆرتەکانی نەبوونی پێشڤەچوونین لە نێوان حکومەت[ی سووریا] و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەین".
لەبارەی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، وتەبێژەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی "ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی کردوومانە،هەرچی لەدەستمان بێ بۆ هاندانی لایەنەکان تاوەکو بەردەوامن بن لە گفتوگۆ، دەیکەین.''
دەشڵێت "ئەو هەنگاوە (دانوستاندنەکان) پێویستی بە یەکخستنی دەزگە ئەمنییەکان هەیە، لەپێناو بەرژەوەندی هەموو سوورییەکان، ئێمەش بەردەوام ئامادە دەبین بۆ کارکردن بەو ئاراستەیەدا.''
رۆژی سێشەممە شەڕ و ئاڵۆزی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب لەنێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و هەسەدە روویدا، ئاسایشی نێوخۆی حەلەب سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندووە، "سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٦ کەسی دیکەش برینداربوون.'' گرووپەکانی سەر بە حکومەتی سووریا تۆمەتبار دەکات بە "تانک، تۆپ و کاتیۆشا" هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر سێ گەڕەکی شارەکە کە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار سڤیلی تێدایە.''