فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لە ماوە سێ ساڵی رابردوودا، لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عیراق، لە 21ـی حوزەیرانی ساڵی 2023، كە بۆ هەر سێ ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025) بوو، تیایدا پشكی هەرێمی كوردستان، دوای چەندین گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، لەنێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ، دیاری كرا.

راشیگەیاند: جیاوازیی نێوان شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوەی بە كردەیی لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا خەرج كراوە، بە قەبارەیەكی گەورە خەمڵێندراوە و هەرێم رووبەڕووی "گەمارۆی وەبەرهێنان" و "كەلێنی گەورەی دارایی" كراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: بەپێی داتاكان، كۆی شایستەی دارایی هەرێم گەیشتووەتە 58.3 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی بە كردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە 24.3 ترلیۆن دینار تێپەڕی نەكردووە، كە دەكاتە %41ی مافە داراییەكان و ئەمەش تەنها %3.9ی كۆی بودجەی عیراقە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو: هەروەها سەرەڕای تەرخانكردنی بڕی 165 ترلیۆن دینار لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بۆ خەرجییەكانی وەبەرهێنان، پشكی هەرێم 0 بووە، كە بووەتە هۆی فشار بۆ پەكخستنی پڕۆژەكانی ژێرخان لە هەرێمی كوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاندووە: لەلایەكی دیكەوە، لە دۆسیەی نەوتدا، راگرتنی هەناردەی نەوت لە ئاداری 2023، 25 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە. كە لەدوای دەستپێكردنەوەی هەناردە لە كۆتاییەكانی 2025، حكومەتی هەرێم 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی كۆمپانیای "سۆمۆ" ناردووە، بەڵام دروستكردنی گرفت بۆ ناردنی مووچە لە ساڵی 2025 هەر بەردەوام بووە.

ئاماژەی بەوەشكرد: حكومەتی فیدراڵ بۆ هەریەك لە ساڵەكانی (2023 – 2024 - 2025)، مووچەی ساڵی بەتەواویی خەرج نەكردووە، ئەمەش بووەتە هۆی كەڵەكەبوونی شایستە داراییەكان بۆ چەندین مانگ.

لە بەرامبەردا، حكومەتی هەرێم پابەندبوونی دارایی نیشان داوە، بەشێوەیەك لە ساڵی 2025 بڕی 919 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتیی، رادەستی گەنجینەی فیدراڵی كردووە.