"ئەو کارە نایاساییەی ترەمپ، میوانداریکردنی ئەمەریکای بۆ مۆندیال خستە مەترسییەوە"، ئەمە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانییە دوای ڕفاندنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤێنێزوێلا لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە.
ڕفاندنی سەرۆکی ئەو وڵاتە لە سەروبەندی مۆندیالی 2026دا وای کردووە دۆخی ئەمریکا کە هاوبەشی میوانداری پاڵەوانێتییە، ببێتە دۆخێکی ئەمنی و ئاڵۆز.
سیاسەتە توندەکانی ترامپ دژ بە بینەران و دوورخستنەوەی بینەرانی چوار وڵات لە نێویاندا ئێران، پێشتر بووەتە جێگەی پرسیار لە میوانداریکردنی ئەمەریکا بۆ مۆندیال و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش داوایان کردووە فیفا دەستوەردان لەو کارە نایاساییانەی ئەمریکا بکات.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەنووسێت، دەستگیرکردنی مادۆرۆ دووبەرەکی لە ئەمریکای لاتین دروستکردووە و سەرکردەکانی وەک سەرۆکەکانی مەکسیک (کلاودیا شەینبام) و بەڕازیل (لولا دا سیلڤا) ئیدانی ئەو کارەیان کردووە، ئەمەش دەتوانێت هاوکاری میوانداریکردنی مۆندیال تێکبدات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی سی بی سی نیوز، زیادبوونی گرژییەکان دەبێتە هۆی "ئاستی سەربازیی ئاسایش" لە یاریگاکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی فیفایە (وەک گشتگیری و ئاشتی).
بەرزبوونەوەی نرخی بلیتی مۆندیال بۆ چەند جارێک، دوورخستنەوەی بینەرانی چەند وڵاتێک و پێنەدانی ڤیزە بۆ هاندەران، هەموو ئەمانە مۆندیالی 2026ی کردووە بە "سیاسیترین" مۆندیال لە مێژوودا.
شارەزایانی گۆڤاری La Terceraدەڵێن، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکرێت ببێتە هۆی گەمارۆکانی ئەمەریکا هاوشێوەی ئەو سزایانەی کە بەسەر ڕووسیادا سەپێنراون و فیفا ناچار دەکات بیر لە کشانەوەی مافی میوانداریکردن بکاتەوە.
بەڵام نیکۆلاس جەیمس، پسپۆڕی مارکا، پێی وایە ئەو کاریگەرییە گەورەیە ئابووری و لۆجستی و سیاسییە (ملیاران سکاڵا) دەبێتە هۆی ئەوەی کە فیفا بکشێتەوە لە پێنەدانی مافی میوانداریکردنی ئەمریکا.