ئه‌و نامه‌یه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست شارپرێس كه‌وتوه‌و له‌ژێر ناوى (نامەیەکی کراوە بۆ کەناڵی جەزیرە) نوسراوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "ئێمە، ژمارەیەک دامەزراوەی میدیایی، کەسایەتی‌و ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان، نیگەرانی قووڵی خۆمان لەو میتۆدە میدیاییە دەردەبڕین، کە کەناڵی ئەلجەزیرە بەرامبەر ڕوداوەکانی سوریا کاری لەسەردەکات، تایبەت لەو ناوچانەی لەڕوی پێکهاتەی نەتەوەیی‌و ئاینییەوە، ناوچەی هەستیارن".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "وەک کەناڵێک، ماوەیەکی دورودرێژە ڕوماڵی میدیایی دەکات، زۆرجار بنەمای پیشەییبون‌و بێلایەنی تێدەپەڕێنێت‌و لەپرەنسیپەکانی ئیتیکی ڕۆژنامەوانیی دوردەکەوێتەوە، بەمەش ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ، برەو بەگوتاری ڕق‌و کینە دەدات‌و دەبێتە لایەنگرو تائاستی هاندانی ڕەگەزپەرستی هەنگاو دەنێت".

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئەم میتۆدو دونیابینییە میدیاییە، لەڕوماڵکردنی ڕوداوەکانی تایبەت بەپێکهاتەی عەلەوییەکان‌و دروزەکاندا بەڕونی خۆی دەرخست، ئێستاش لەدۆخی کوردستانی سوریادا بەشێوەیەکی مەترسیدارتر خۆی نمایشدەکاتەوە".

له‌و نامه‌یه‌دا ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، "گەلی کورد لەسوریا قوربانی زۆریداوە، زیاتر لەپێنج دەیەیە بۆ ئازادیی‌و داننان بەبونی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتی تێدەکۆشێت، لەهەوڵدایە بۆ بونیادنانی دەوڵەت‌و دەسەڵاتێکی دادپەروەر لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی یەکسانی‌و ڕێزگرتن لەفرەیی‌و فرەڕەنگی کۆمەڵگەی سوریا، بەڵام ئەلجەزیرە لەڕێگه‌ی ڕوماڵی ناپیشەیی، نابەرپرسیارانە گواستنەوەو پێشکەشکردنی هەواڵ بەزمانی وروژاندن‌و تۆقاندن، خەریکی شێواندنی ڕاستییە مێژوییەکان‌و درزخستنە نێو دەرفەتەکانی سەقامگیریی‌و ئاشتی کۆمەڵایەتییە".

له‌و نامه‌یه‌دا بۆ به‌رپرسانى ئیداریى كه‌ناڵه‌كه‌ جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌، "کەناڵی ئەلجەزیرە، نوسینگەی ڕاگەیاندنی کارای لەناوچە پەیوەندیدارەکانی ناو سوریا نییە، لەهەرێمی کوردستانی عێراقیش بونێکی سنورداری هەیە، کە لەئاستی جەماوەریی‌و میدیایی‌و فەرمیدا ڕێزی زۆری لێگیراوە، بونی ئەم پێگەیە، هەروەها بەرپرسیارێتی پیشەیی‌و ئەخلاقی، ئەوەی لێ دەخوازێت کەناڵەکە جگە لەپێداچونەوەی بنەڕەتی بەکارەکانی، پابەندیش بێت بەستانداردە جیهانی‌و مرۆییەکانی کاری ڕۆژنامەگەریی‌و خۆی لەهەر گوتارێکی هاندان، وروژاندن بۆ کاری توندوتیژیی‌و بەرهەمهێنانی ڕق‌و کینەی ئیتنیکی‌و نەژادی بەدوربگرێت".

له‌كۆتاییشدا داواكراوه‌، "لێرەوە داوا لەدەستەی کارگێڕی کەناڵەکە دەکەین، سەبارەت بەدۆخی سوریا، بەسیاسەتی ڕوماڵکردنی خۆیدا بچێتەوە، پەخشی ئەو هەواڵە چەواشەکاریی‌و نادروستانەكانى بوەستێنێت، کە جگە لەئاڵۆزترکردنی دۆخەکە خزمەت بەهیچ شتێکی دیکە ناکات، هاوشانی ئەوە دەتوانێت بەڕێبازو گوتارێکی میدیایی هاوسەنگ لەهێورکردنەوەی دۆخەکە بەشداربێت‌و بەیەک مەسافەی یەکسان مامەڵەی گروپە کۆمەڵایەتی‌و ئاینییە جیاوازەکان بکات، لەبری ڕق‌و کینە، کۆمەک بەڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ، ئاشتیی، سەقامگیریی‌و تەبایی نێوان جیاوازییەکان بکات".