ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی 1ی 2026، زیا ناسری، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە کەناڵی (دیجلە)ی ڕاگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی لە سێ ناودا گیری خواردووە کە ئەوانیش (مالیکی، سودانی و عەبادی)ن.
ناسری ئاماژەی بەوە دا، ئەو سەرپشککردنەی بە مالیکی و سودانی دراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران تا سەر نییە، ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن ئەوا کۆتایی دێت، بۆیە سەرکردەکانی چوارچێوە داوایان لێ کردوون یان سازش بۆ یەکتر بکەن، یان یەکێک لە "نۆ کاندیدەکە" هەڵبژێرن.
لەبارەی داماڵینی چەکی گرووپەکانیش جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران هەیە، چونکە دەبێت کەسێک هەڵبژێردرێت گرووپە چەکدارەکان متمانەی پێ بکەن بۆ ئەوەی ڕازی بن چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.