بارەگای بارزانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ هەینی 9ی كانونی دوەمی 2026 ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆكی سوریا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانییەوە كردوە.
لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسیەكانی سوریاو گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە خرایە بەر باس و هەردولا جەختیان لەبایەخی سەقامگیری و هەماهەنگیی هاوبەش كردەوە.
وەك لەڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانیدا باسكراوە، ئەحمەد شەرع وتویەتی، كە كورد پێكهاتەیەكی ڕەسەن و سەرەكیی گەلی سوریایەو جەختی لەپابەندبونی تەواوی دەوڵەتی سوریا بۆ گەرەنتیكردنی هەموو مافە نیشتیمانی و سیاسی و مەدەنیەكانی كورد لەگەڵ پێكهاتەكانی تری سوریا بەشێوەیەكی یەكسان و بێ جیاوازی كردەوە.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا مەسعود بارزانی، پشتیوانی خۆی بۆ ویست و ئاواتی سوریەكان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێك ڕاگەیاند كە هەموو لایەن و پێكهاتەكان بگرێتەخۆو تێیدا هاوبەش بن.
هەروەها جەختیشی لە پێویستی بەردەوامیی ڕاوێژ و هەماهەنگی كردەوە ئەویش لەپێناو ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەموو لایەك و پاراستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی.