بەرپرسانی باڵای ئێران بە ڕاشکاوی رایانگەیاند، دۆسیەی گواستنەوەی یۆرانیۆم "هێڵی سوورە" و هەرگیز ناخرێتە سەر مێزی گفتوگۆکان، بەمەش دەرگایان بەڕووی هەر سازشێکدا داخست، کە رەنگە ئەمریکا وەک مەرجێک بۆ لابردنی سزاکان بیخاتە روو.
عەلی باقری، یاریدەدەری کاروباری سیاسی دەرەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، وەک پەیامێکی پێشوەختە بۆ واشنتن رایگەیاند: "حکومەتی ئێران هیچ نیازێکی نییە کەرەستە ئەتۆمییەکان بۆ هیچ وڵاتێکی دیکە بگوازێتەوە و هەر قسەیەک لەسەر ئەم بابەتە لە میدیاکاندا تەنها پێشبینییە و بنەمای نییە".
باقری جەختی کردەوە، دانوستانەکان دەبێت لە چوارچێوەی سەروەری نیشتمانی ئێراندا بێت و هیچ مەرجێکی پێشوەختە قبوڵ ناکەن.
ئەم هەڵوێستە توندەی تاران وەک وەڵامێک دێت بۆ راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد تاران رەنگە ئامادە بێت بەشێک لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی رەوانەی دەرەوە بکات.
لای خۆیەوە ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، کەمکردنەوەی دەستڕاگەیشتنی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بە زانیارییەکان، وەڵامێکە بۆ سیاسەتە دوژمنکارییەکان نەک سازشکردن لەسەر مافە ئەتۆمییەکان.