دکتۆر عەبدوالڕحمن محەممەد پاشان وتی" ئەگەر لەو پرسیارە ورد بکەینەوە کە ئەوترێت" کورد خیانەتی لێ کراوە لەلایەن دۆستەکانیەوە؟ ئەمە پرسیارێکی وردو گەورەو ھەمیشەییەو بەردەوام لە تازە بونەوەدایە، ئەوەش ھۆکارەکەی ئەوەیە تا ئێستا وەڵامێکی دڵنیاکەرەوەمان دەست نەکەوتوە، یان بە پێچەوانەوە وەڵاممان دەست کەوتووەو ناچالاک بووین لە واقیعی خۆماندا رەنگی نەداوەتەوە، بۆیە ئەمە دەردێکی گەورەیەو دەرمانەکە باس نەکراوە، یان دەرمانەکە باس کراوە بەڵام لە کات و ساتی خۆیدا بەکارمان نەھێناوە. سەبارەت بە حاڵەتی خیانەتکردنی دۆستەکان و ئەو خۆش باوەڕییە لەلایەن کوردەوە بەردەوامە، ھەر بۆیە ئەمەش حاڵەتێکی پڕ لە قەیرانی فیکری و سیاسی و سەربازی و ئابوری و دەرونی و کۆمەڵایەتی دروست کردووە.
لە درێژەی وتوێژەکەیدا ئەو دکتۆرەی زانکۆی ھەڵەبجە وتی" زیاتر لە ١٠٠ ساڵە کورد لە ھەر جێگاو ناوچەیەک، دەسەڵاتی پەیدا کردبێ و خاوەنی بڕیار بوو بێ، نەیتوانیوە ببێتە نمونەیەکی باش، نە خەڵکی خۆی پێ رازی کراوە، نە غەیرە کوردی لێ رازی بووە، بگرە بە پێچەوانەوە دەسەڵاتەکە بووەتە مایەتی زەحمەت و ناڕەحەتی ماددی و مەعنەوی بۆ تەواوی دانیشتوانەکە.
ئەو نمونەی بە کەرکوک و شارو شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایە ھێنایەوە کە ساڵانێک لە ژێر دەسەڵاتی کورددا بووە، دوای ئەوەی عێراق سەیتەرەی کردەوە بە سەریدا، ھەر کوردەکانی ئەو ناوچانە خۆیان ھاواریان لێ ھەستاو وتیان"ئێستا سوپاسی خوا ئەکەین کە دەسەڵاتی کوردیمان بە سەرەوە نەماوەو غەیرە کورد حوکممان ئەکات"، بۆیە ھەر پرۆژەیەکی سیاسی ئەگەر خەڵک باوەشی بۆ نەکاتەوە، رەزامەندی و پشتگیری نەکرێت، خەڵک و ھاوڵاتی خۆشی نەوێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئیدارەدانێکی خراپی پێشکەش کردووەو سەرئەنجام لە بۆشاییدا جێ ئەمێنێ و ژێر پێ ئەخرێت."
پاشان دکتۆر عەبدڕەحمن نمونەیەکی تری بە کوردانی رۆژئاوا ھێنایەوە لەو دەساڵەی حوکمڕانیان کردووەو وتی" بە تایبەتی لەو ناوچانەی عەرەبی لێ بووە نمونەیەکی حوکمڕانی خراپیان پێشکەش کردووە، چونکە یەکێک لە خراپیەکانی حوکمڕانیان ئەوە بووە، ھەڵگری فکرێک بوون نامۆ بووە بە فکرو ئەخلاق و عادەتی کۆمەڵگاکە، وە مامەڵەیەکیان کردووە پێچەوانەی ئەوە بووە کە خەڵک چاوەڕوانی ئەکات."
پاشان نمونەی تەنانەت ساڵانی (١٩٧٠ بۆ ١٩٧٤) ی ھێنایەوە کە دەسەڵاتی کوردی حوکمڕانی ناوچەی ھەڵەبجەیان کردووە، ئێستاش زۆربەی ئەو شایەتحاڵانە ماون و بۆمان ئەگێڕنەوە کە شۆڕش ئەو کاتەش نەیتوانیوە ھاوڵاتیانی ناوچەکە لە خۆیان رازی بکەن، بگرە بوونەتە مایەی زەحمەتی ماددی و مەعنەوی بۆ سنوورەکە، بۆیە ئەگەر بگەڕێینە دواوە نمونەی تریش زۆرە."
بە بۆچونی دکتۆر عەبدڕەحمن کورد کێشەی حوکمڕانی کوردی لەگەڵ کۆمەڵگەکەی خۆیدا ھەیە، پێش ئەوەی خەڵکی غەیرە کورد تاوانبار بکرێت، ھەر ئەو کاتەی کورد جوڵەیەک ئەکاو ناوی ئەنێت شۆڕش، ئیتر چاوەڕوان ئەکات خەڵک و ھاوڵاتی خزمەتی بکات، نان لە خۆی بگرێتەوە، جل و بەرگ لە خۆی بگرێتەوە، ژیان لە خۆی بگرێتەوە لە پێناو مانەوەی ئەودا، لەکاتێکدا ھەر ھەمووی پێچەوانەکەی دروستەو ئەبێ شۆڕش قوربانی گەورە بدات،
لە کۆتاییدا دکتۆر ئاماژەی بە خاڵێکی جەوھەری کردو وتی" ھەر ئەوانەی شۆڕشگێڕی شاخ بوون، دواتر کە ئەبنە خاوەنی شارو دەسەڵات، ئەو چاکانەی خەڵکیان بیر ئەچێتەوە کە چیان بۆ کردوون، لە بەر ئەوە لە بەرامبەر وەفادار بووندا، شتێک ئەکەن بە پێوەرە ئینسانی و ئیسلامی و شۆڕشگێڕییەکە، ناگونجێ، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە ترۆپکی بێوەفاییدا خۆیان ئەنوێنن، بۆیە ئەبنە نمونەیەکی زۆر خراپ، وە کارێک ئەکەن کە جارێکی تر خەڵک و ھاوڵاتی بیر نەکاتەوە لە ژێر سایەو سێبەری ئەواندا بیر لە شۆڕش و راپەڕین و گۆڕانکاری بکاتەوەو پشتگیریان بکات، لە لایەکی ترەوە خەڵک و ھاوڵاتیش بیرگەیان لاوازە لە ئاست ئەو بەرپەچدانەوە خراپانەداو کاتێک دۆخێک دێتە پێشەوە، میدیای شۆڕشگێڕی کورد، زۆر بە ئاسانی دەھۆڵ ئەکوتێ و خەڵک و ھاوڵاتیش بۆی کۆ ئەبنەوەو بەکاریان دێنن و ئەیانخەنەوە ناو شەڕو ململانێکانەوە ، چ شەڕو ململانێی ناوخۆیی بێ لە نێو حیزبەکاندا، چ شەڕو ململانیی دەرەوەو ھەرێمی بێت. وەک ئەم خۆپیشاندان و ناڕزایەتیانەی ئەم مانگی رابردووە، کە خەڵک ھەموو ئەو زوڵم و زۆرو خراپیانەی دەسەڵاتیان بیر چویەوە، خەڵک و ھاوڵاتی سەرقاڵکرا بە شتێکەوە کە ناڕاستەوخۆ پەیوەندی ھەبوو بە ژیانی و ژیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی ئێمەوە."
جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: بۆیە وەک سەرەتاش وتم" کورد پێش ھەموو لایەک کێشەی لەگەڵ خۆیدا ھەیە، بۆ خۆی خراپە، چونکە ھەر ئەوانەی کە ئەبنە سەرکردەو لە قۆناغێکدا بۆ نان و ئاوو دەنگ لە خەڵک پاڕانەوە، لە قۆناغێکی تردا کە دەسەڵات وەر ئەگرن، لە جیاتی ئەوەی باش بن، قەرەبووی رابردوو بۆ ئەو خەڵکە بکەنەوە، بە پێچەوانەوە نمونەیەکی زۆر خراپ پێشکەش ئەکەن، بۆیە خەڵکیان خستوەتە ناو تەناقزەوە، بە کورتی کارێکیان کردووە خەڵک و ھاوڵاتی نازانێت چی بکات، ھەر بۆیە کۆمەڵگەی کوردی توشی جۆرێک لە سەرگەردانی بووە ."