ناوبراو وتیشی: ئێستاش لەم بارودۆخەدا ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی دڵسۆزەو ئەیەوێ بەڕاستی خەمی خەڵک و ھاوڵاتیان بخوات، نابێ بۆ وەرگرتنی پۆستێکی سەرۆککۆمار کە پشکی کوردە لە دژی یەکتر بوەستنەوە، بۆ پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم لە دژی یەکتر بوەستنەوە، سەیری پۆستەکان بکە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوودا ھەمیشە کەسەکان لە ھەمان پۆستدا دوبارە بووەنەتەوە، یاخود ھەر ھەمان کۆمەڵە بەرپرسن، ئاڵ و گۆڕی پۆستەکانیان لە نێوان خۆیاندا کردووە.

لە درێژەی وتووێژەکەیدا کاوە قەرەداغی وتی" سەرکردەکانی کورد خۆیان ئەڵێن: ئێمە قبوڵی گەندەڵی ناکەین، قبوڵی پێشێلکردنی یاساو دەستوور ناکەین، بەڵام من ئەپرسم " ئەی کێ پێشێلی دەستوورو یاسای کردووە لەم ھەرێمە ؟ ئایا ھاوڵاتی گەندەڵی ئەکات؟ئایا ھاوڵاتی پێشێلی دەستوورو یاسا ئەکات ؟ بێ گومان نەخێر، بۆیە ھەر ئەوانە گەندەڵی ئەکەن کە لە پۆستی گرنگدان، ئەوانەی بەربژێرن بۆ پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و حکومەت و سەرۆک کۆمارو سەرۆکی ھەرێم و وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکان، پێشێلی بڕگە دەستووری و یاساییەکانی دادگاکان ئەکەن."
پاشان وتی" ئێمە وەک کورد لەوەتەی مێژوو ھەیە وڵاتە زڵھێزەکان کوردیان بە کار ھێناوە، ئێمەش لە بەرامبەردا بوینەتە مورتەزەقە، بۆیە ھەمیشە کارمان کردووە بۆ بێگانە، بۆ ئەوەی بژێویی و سودێکی کاتیمان دەست کەوێت، بۆیە ئەبینین ئەم چەند ساڵەی رابردوو کورد چ وەک پێشمەرگە چ وەک شەڕڤان شەڕیان پێ کرد دژ بە داعش، تەنھا لە پێناو وەرگرتنی ئەو ھاوکاری و پارەیە کە لەلایەن وڵاتانی ھاوپەیمانەوە ئەدرا بە رۆڵە شەڕ کەرەکانمان، ئەوەش لە پێناو ئەوە بوو نەھێڵن ئاگری شەڕی داعش بچێتە ناو وڵاتەکانیانەوە، ئەوان بە پارە کوڕەکانی ئێمەیان نا بە شەڕەوەو لە ئەنجامدا ئەوان پارەیان زەرەر کردو ئێمەش کوڕەکانمان سوتێران و کوژران و شەھید بوون لە پێناو خاک و نیشتیماندا، ئەوەشی کە مایەوە سەرکردە سیاسیەکان بوون کە ئەمڕۆ ھەر یەکەیان لەلایەکەوە سود مەند بووە لە خوێنی شەھیدان."
پاشان کاوە قەرەداخی ئاماژەی بۆ ئەوە حیزبە کوردییەکان کردو وتی" پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە ناو خۆیاندا یەک نین، لە رۆژئاقا دیسان کورد یەک نیە، ئۆپۆزسیۆنی کوردی دیسان یەک نین، ئەوە خۆمانین لە ھەرێم ھەر یەک نین، کەواتە ئەمڕۆ ئێمە پێویستمان بە چیە؟ پێویستمان بە گیانی نیشتیمانیە کە لە ناو سەرکردایەتی کورددا بوونی نیە، کە بە داخەوە ھەندێک لایەنی سیاسی ھەر بووە بە بازرگانی شەڕ، بۆیە تا کورد یەک نەبێ و وڵاتە زلھێزەکان مامەڵی دروست لەگەڵ دۆزی رەوای میللەتەکەماندا ناکەن." بۆ نمونە"  سبەی وڵاتە ھاوپەیمانەکان داوای شەڕ لە تۆ ئەکەن بەرامبەر بە دوژمنێکی ھاوبەش کە ئەیەوێ خاک و میللەتەکەت داگیر بکات، فەرموو تۆش بە رێکەوتن بە نوسراو پارێزگاری لەو جێگایانە بکە، کە سبەی میساقێکی شەرەف بێ لە نێواندا بمێنێتەوە، نەک بە پێچەوانەوە تۆ تەنھا مەرامی وڵاتە زلھێزەکان بھێنیتە دی و دواتر خاکەکەی خۆیشت پێ رەوا نەبینن."
لە کۆتاییدا دکتۆر کاوە قەرەداغی وتی" ھەرێم نابێ ھەڵەی رابردوو دوبارە بکاتەوە، چونکە ئەوە ئەمریکا بوو پاڵیان نا بە ھێزەکانی پێشمەرگەوەو لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم دەریان کردنە دەرەوە، ئەیڵێمەوە لایەنە سیاسیەکانمان بوون بە مورتەزەقە، ئەمەش وشەیەکە ئێمە ناتوانین بیڵێین لە راگەیاندنەکاندا، بەڵگەش ئەوەیە ھیچ نوسراوێکی نێودەوڵەتی نیە بیسەلمێنێت کە کەرکوک کوردستانیە، بۆیە ھەتا کورد سیاسەت بەم جۆرە بکات ھیچی بە ھیچ نابێ ، ئومید ئەکەم کەسێکی وەک دکتۆر بەرھەم ساڵح  کە کۆمیسیاری گشتیە لە نەتەوە یەکگرتووەکانە، مەسعود بارزانی کە کەسایەتیەکی رێز لێگیراوە لە عێراق و تورکیاو ئێران، رۆڵی مێژویی خۆیان بگێڕن لە ئاسایی کردنەوەی ئەو بارودۆخ و پێشھاتانەی دێنە بەردەم نەتەوەکەمان.