بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە ئاماژەدان بە ڕاگەیاندنی ئەم ڕێنماییە لە لایەن گومرگی ئێرانەوە، حوجەتوڵڵا چاوشی ڕایگەیاند: لە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانەوە، ئەو کەسانەی بە نیازی ئەنجامدانی چالاکیی بازرگانین لە سنووری پەروێزخانەوە، ڕێگەیان پێنادرێت هیچ ئۆپراسیۆنێکی بازرگانی لەم گومرگەدا ئەنجام بدەن ئەگەر بریکاری فەرمییان نەبێت.
ناوبراو زیادی کرد: جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی فەرمانگەی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ئێران و بە جەخت لە دامەزراوەکانی پشکنین و چاودێری بەڕێوە دەچێت و ئامانجیشی زیاد کردنی ڕێکوپێکی و ڕوونی و تەندروستی پرۆسە بازرگانییەکانە لەسەر خاڵە سنوورییەکان.
بەڕێوەبەری گشتی گومرگی پەروێزخان بە ئاماژە بە پێگەی ئەم مەرزە فەرمییە لە بازرگانی دەرەوەی وڵاتدا ڕایگەیاند: گومرگی پەرویزخان یەکێکە لە گرنگترین گومرگە سنوورییەکانی ئێران و ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە هەناردەکردنی کەلوپەلی نا نەوتی بۆ عێراق، هەروەها لە ڕووی قەبارەی ترانزێتەوە لە نێو گومرگەکانی وڵاتدا لە پلەی دووەمدایە.