بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ئەنجامە نوێیەکانی سیستەمی ڕیزبەندی خوێندنی باڵای تایمزدا کە بڵاو کراونەتەوە، پێنج زانکۆی ئێرانی لە بواری پزیشکی لە ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهاندا دانراون و زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان لە دوای زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران لە پلەی دووەمی وڵاتدا هاتووە.

بە پێی ئەم ڕیزبەندییە، زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران بە پلەی یەکەمی ئێران بە ڕیزبەندی جیهانی (٢٨١) دادەنرێت، پاشان بە ڕیزەوە زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان بە پلەی (٣٢٧)، شەهید بەهەشتی بە پلەی (٤٤٧)، تەورێز بە پلەی (٤٥٢)، و تەربیەت مودەڕێس بە پلەی (٤٥٣) هاتوون.

جگە لە پێوەرەکانی پەروەردەیی و توێژینەوە، سیستەمی ڕیزبەندی تایمز پێوەرەکانی وەک ئاستی کاریگەری زانستی، پەیوەندییەکانی پیشەسازی، داهاتی توێژینەوە و ئاستی هاوکاری نێودەوڵەتی زانکۆکان لە هەڵسەنگاندنەکەیدا لەبەرچاو دەگرێت.