ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی لیژنەکە لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕایگەیاند: "ئەمریکییەکانن، کە دوای شکستخواردنی بژاردەکانی دیکەیان (سەربازی، ئابووری، تیرۆریستی و ئەوانی دیکە) هیچ بژاردەیەکیان نەماوەتەوە، جگە لە قبوڵکردنی چوارچێوە و مافەکانی گەلی ئێران".
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران "بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچوون" و جەختی کردەوە ،کە "سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبن".
ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: "چەندین دانوستانی باش ئەنجام دەدەین، پێموایە ئەنجامی ئەرێنیمان لەگەڵ ئێران بەدەستهێناوە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە کۆدەبینەوە".
هەروەها وتیشی: "ئێرانییەکان زیاتر ئامادەن بۆ جووڵەکردن بەراورد بە ساڵ و نیوێک یان تەنانەت ساڵێک لەمەوبەر"، ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران "دەیەوێت ڕێککەوتن ئەنجام بدات".
ڕۆژی هەینی، گەڕی ئێستای دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە مەسقەتی پایتەختی عومان بە شێوەیەکی کاتی کۆتایی هات.
لە هەمان چوارچێوەدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دوێنێ هەینی ڕایگەیاند، ١٥ کۆمپانیا و دوو کەسی بۆ لیستی سزاکانی پەیوەست بە ئێران زیاد کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆمپانیاکان لە ئیمارات، تورکیا، جۆرجیا، چین و وڵاتانی دیکە تۆمار کراون".
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ماوەی ڕابردوودا توندتر بوونەتەوە و هەڕەشە و هۆشدارییان ئاڵوگۆڕ کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا ستراتیژی بەرگری نەتەوەیی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "واشنتۆن پێیوایە ئێران ڕەنگە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، لەوانەش لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی دانوستان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی".