کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، ئەفسانەی پورتوگالی، لەم ڕۆژانەدا لە سعودییەدا یاخی بووە و بایکۆتی دوو یاریی کۆتایی خولەکەی ئەلنەسری کردووە بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانی.
مارکی ڕۆناڵدۆ لەماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا خولی سعودی کردە یەکێک لە 10 خولە سەرەکییەکانی جیهان، بەڵام کودەتاکەی ئەفسانەی پورتوگالی لەم ڕۆژانەدا بووەتە یەکەم بابەتی سەرجەم میدیا وەرزشییەکانی جیهان.
بابەتەکە چڕتر بووەوە کاتێک ئەلهیلال ڕکابەری نەریتی ئەلنەسر کەریم بنزیمای بەکرێ گرت بە پارەیەکی فەلەکی و چەند کڕینێکی باشی ئەنجامدا، بەڵام هاوڕێکانی ڕۆناڵدۆ هیچ کڕینێکیان نەکرد بۆ بەهێزکردنی تیپەکە.
هەر لێرە بوو کە ڕۆناڵدۆ هێرشی کردە سەر سندوقی وەبەرهێنانی سعودیە کە ئەرکی دارایی چوار یانە گەورەکەی وڵاتەکەی لەسەر شانە، ئەوانیش هەریەکە لە ئەلهیلال، ئەلنەسر، ئەلئیتیحاد و ئەلئەهلییە.
ئەفسانە پورتوگالییەکە پێی وایە ئەو سندوقە جیاوازی دەکات لە دابەشکردنی سەرچاوە داراییەکان لەنێوان یانەکاندا و تێڕوانینێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەلهیلال، ئەمەش وادەکات ڕکابەریکردن لەگەڵ ئەم تیپەدا قورس بێت.
ڕۆناڵدۆ سکاڵای خۆی تۆمار کرد، بەڵام ڕێکخراوی خولی سعودییە وەڵامی ڕۆناڵدۆی دایەوە و داوای لێکرد دەستوەردان لە ئەرکی کەسانی تردا نەکات.
گۆڤاری ئەبولا نوسیویەتی، ڕۆناڵدۆ لەسەر هەڵوێستی خۆی ماوەتەوە بۆ گەیشتن بە خواستەکەی، ئەویش بەهێزکردنی ئەلنەسرە لەگەڵ چەند یاریزانێکی بەناوبانگ بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕکابەری یانەی ئەلهیلال بکات.
بەڵام بڵاوکراوە ئەوروپییەکان قسە و باس لە داهاتووی ڕۆناڵدۆ دەکەن. ئەفسانەی پورتوگالی، لە یەکەم هەنگاوی بایکۆتکردنی خولی سعودیەدا، زیانی 2 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری بە خولەکە گەیاند، چونکە فۆکس سپۆرت پەخشی یارییەکانی وەستاندووە.
مارکی خولی سعودیە لەسەر وێنەی ڕۆناڵدۆ بنیات نراوە، ئەگەر خاوەنی پێنج خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی باشترین یاریزانی جیهان یانەی ئەلنەسر جێبهێڵێت، ئەوا دەتوانێت زیانێکی قەرەبوو نەکراو بە پڕۆژەی تۆپی پێی سعودییە بگەیەنێت.