مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (سکای نیوز)ى عەرەبی ڕایگەیاند، "گرنگە ڕێز لەدەنگو خواستی خەڵکی عێراق بگیرێت، هەڵبژاردنمان کردو خەڵک دەنگی خۆیاندا، هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانو سەرۆک وەزیران دەبێت ڕەنگدانەوە واقعی خەڵک بێت، سەروەریی وڵات زۆر گرنگە، دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت".
وتیشی، "ئێمە ڕێز لەپێکهاتەی شیعە دەگرین، هەروەک دەزانن هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران لەئەرکی پێکهاتەی شیعەیە، کە لەچەندین هەڵبژاردنی ڕابردوش هەروا بوە".
باسی لەوەشکرد، "پێمانوایە کوتلەی شیعە، بەرپرسیاری یەکەمە لەپێشکەشکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، ئێمەش ڕێز لەبڕیارو کاندیدی ئەوان دەگرین".
مەسرور بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، وتی، "کورد کاندیدی سەرکۆمار هەڵدەبژیرێت، کە دەبێتە سەرۆکی هەموو عێراق نەک تەنها هی کورد، هاوکات سەرۆکی پەرلەمان پشکی سوننەیەو سەرۆک وەزیرانیش شیعە هەڵیدەبژێرێت".
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، "پارتی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە لەهەموو عێراق، زیاتر لەیەک ملیۆنو 200 هەزار دەنگ، کە ئەمەش وایکرد پارتی ببێتە گەورەترین حزب لەعێراق".
وتیشی، "مانای ئەوەیە زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەنگیان بەپارتی داوە، بۆیە ئەگەر لۆژیکی سوننەو شیعە بەکاربهێنین، کە کاندیدی خۆیان بۆ ئەو پۆستانە دیاریدەکەن، ئەوە مافی پارتییە کە پۆستی سەرکۆماری عێراق دیاریبکات".
مهسرور بارزانى ئەوەشیخستەڕوو، "پارتی دەیەوێت سەیری زۆرینەی خەڵکی کوردو بەرژەوەندییەکانی بکات، ڕێز لەڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان بگرێت، بۆ دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام حزبی دیکە هەیە نایەوێ بەو شێوەیە لەسەر کاندیدی هاوبەش کارمان لەگەڵ بکات".
ئهوهشى وت، "بۆیە ئێمە ناچارین، پڕۆسەیەکی دیموکراتی دادپەروەرو یەکسان بەکاربهێنین، ئەمەش لەڕێگەی هەڵبژاردنی کاندیدێک لەپەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی کاندیدێکی هاوبەش هەڵبژێرینو زۆرترین دەنگی بەدەستبهێنێتو نوێنەرایەتیی هەموو کورد بکات، دەشکرێت لەڕێگهی ئەندام پەرلەمانە کوردەکان لەعێراق کە لەقۆناغی یەکەم دەنگ لەسەر نۆ کاندید بدرێتو کێ زۆرترین دەنگیهێنا ببێتە کاندیدێکی هاوبەش".