عەلی زیا، یاریدەدەری سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاریکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی کە سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقە بەمیدیای فەرمی عێراقی ڕاگەیاندوە، پێشبینی دەکرێ ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشوی داعش کە لەسوریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، لەنێوان 7000 بۆ 8000 کەس بن.
عەلی زیا وتیشی، هەندێک لەوان مەترسیدارن و تۆمەتبارن بەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کۆمەڵکوژی و ئەنجامدانی تاوان بەرامبەر کوردانی ئێزدی.
عەلی زیا ئەوەش ئاشكرادەكات،"ئەو لێکۆڵینەوانەی لەگەڵیان دەکرێت وردن و لەسفرەوە دەستپێدەکات و چەندین مانگ بەردەوام دەبێت".
ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر بەگوێرەی ئاماری نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش، لەهێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 03ـی ئابی 2014دا، 6 هەزار و 417 کوردی ئێزدی ڕفێندران و هەزارانیش کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.