نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیکی دووشەممە 9ی 2ی 2026، لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، مالیکی پێشوازیی لە ڤیکتۆریا تایلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا کردووە و تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و عێراقیان کردووە.
بەپێی بەیاننامەکە، مالیکی جەختی کردووەتەوە کە "عێراق و ئەمەریکا پەیوەندیی پتەویان هەیە" و داوای کردووە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لە ئاییندەیەکی نزیکدا کارا بکرێت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی عێراق.
مالیکی بە ڕوونی ڕایگەیاندووە: "عێراق ئامادەیە بەرگری لە پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمەریکا بکات." ئاماژەی بەوەش داوە کە تێگەیشتنی ئەوان بۆ پەیوەندییەکان لە ڕێگەی "بەردەوامیی شەراکەتی ئابووری"یەوە دێت.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆش، کاندیدەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕوونی کردەوە کە گفتوگۆی هێزە سیاسییەکان بەردەوامە بۆ تەواوکردنی ئیستحقاقە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەتێک کە وەڵامدەرەوەی داواکاریی خەڵک بێت.