گرنگیی ساڵڕۆژی شۆڕش
سەبارەت بە بایەخی ئەم یادە، فەرامەرز ئەسەدی ڕایگەیاند: "ڕۆژی ٢٢ی بەهەمەن (١١ی شوبات) بۆ ئێمە و گەلی ئێران ڕۆژێکی زۆر گرنگ و پڕ بەرەکەتە؛ چونکە ڕۆژی سەرکەوتنی مەزڵوومە بەسەر زاڵمدا و ڕۆژی دەرکردنی بێگانەکانە لە وڵات. ئێمە جاران وڵاتێکی گرێدراو بووین، بەڵام ئێستا بە تەواوی سەربەخۆین."
ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی "پەیوەندییەکانتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟"، کونسووڵی ئێران وتی:
"پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ کوردستان لە باشترین دۆخدایە و هەردوولا لێی ڕازین. ئێمە لە هەموو بوارەکانی رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئاسایش، ئابووری، بازرگانی، سنوورەکان و گەشتیاریدا کار دەکەین و هەوڵی بەرەوپێشبردنی زیاتری دەدەین."
ئاڵوگۆڕی بازرگانی
کاتێک لەبارەی ئەوەی "ئاڵوگۆڕی بازرگانی تا چەند بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە؟" پرسیاری لێکرا، ئەسەدی وتی:
"لە ئێستادا ئامارێکی دروستم لەبەردەست نییە تا بڵێم زیادی کردووە یان کەمی کردووە، بەڵام جموجۆڵی سنوورەکان و پڕۆسەی بازرگانی بەردەوامە و هیوادارم بەرەو پێشتر بچێت."
دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بەوەی "چاوی وڵاتانی جیهان لە ئێستادا لەسەر دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە"، کونسووڵی ئێران ڕایگەیاند:
"ئێمە پرسێکی لۆژیکی و یاساییمان لەگەڵ جیهان هەیە. ئەمریکییەکان پرسیاریان هەیە و ئێمەش وەڵاممان هەیە، بەڵام دەبێت ئەوانیش وەڵامی ئێمە بدەنەوە. کۆماری ئیسلامی هەمیشە ئامادەی دانوستانە بە مەرجی هەبوونی ڕێزی دوولایەنە. ئەگەر لایەنی بەرامبەر ڕێز بگرێت و ویستی ئێمە لەبەرچاو بگرێت، بۆ ناگەینە ئەنجام؟ ئێمەش بەدوای دانوستان و پەیوەندییەوەین."
ئامادەکردنی/ هاودەنگ محەممەد