بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەگەر نیگەرانی کێشت هەیە، خواردنی هێلکە یارمەتیت دەدات کێشت باشتر کۆنتڕۆڵ بکەیت. هێلکە مامناوەند تەنیا 75 کالۆری تێدایە و کاتێک هێلکە دەخۆیت هەست بە تێری دەکەیت. لە ڕاستیدا، توێژینەوەکان نیشانی دەدەن کە هێلکە یەکێکە لە تێرکەرترین خوراکەکان. لەبەر ئەوە، کاتێک هێلکە دەخۆیت لە یەکێک لە ژەمەکانتدا، کەمتر خوراکی ناتەندرووست دەخۆیت.

زەردێنەی هێلکە سەرچاوەیەکی باشە بۆ ماددەیەکی بەنرخ کە پێی دەوترێت کۆلین. یەکێکە لەو ماددانەی کە جەستەی زۆربەی خەڵک بە پێی پێویست هەڵیناگرێت. یەک هێلکەی گەورە لە سەدا 35ی پێداویستی ڕۆژانەی کۆلین دابین دەکات. کۆلین چەندین ڕۆڵی هەیە لە جەستەدا و دەبێت بڕی پێویست لێی بخۆیت.

جگەرت پێویستی بە کۆلین هەیە بۆ گۆڕینی چەوری بۆ وزە. هەندێک توێژینەوە دەریخستووە کە کۆلین مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی جگەری چەوری ناکحولی کەم دەکاتەوە. کۆلین بۆ یادەوەری و فێربوون گرنگە، یارمەتی سووڕی خوێن دەدات و ڕێگری لە گرژبوونی ماسولکەکان دەکات. هەروەها کۆلین بۆ گەشەی مێشکی منداڵ زۆر گرنگە.

هێلکە سەرچاوەی دژە ئۆکسێنەرە. لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە هێزی دژە ئۆکسێنەری زەردێنەی دوو هێلکەی خاو دوو هێندەی هێزی دژە ئۆکسێنەری سێوێکە. دوو دژە ئۆکسێنەری ناو هێلکەکە کە بریتین لە لوتئین و زیاکسانتین، دەتوانن چاوی مرۆڤ لە زۆرێک لە نەخۆشییەکان بپارێزن. میوە و سەوزە هەروەها لوتئین و زیاکسانتین تێدایە. بەڵام نەک وەک هێلکە.

مرۆڤ پێویستی بە ئاسن هەیە بۆ کاری مێشک و گواستنەوەی ئۆکسجین لە خوێن. هەروەها ئاسن بۆ کاری ماسولکەکان پێویستە. ئەو ئاسنەی لە خواردنەکانی وەک گۆشتی سوور و مریشک هەیە ئاسانتر لە ئاسن لە ڕووەکەکاندا هەڵدەمژرێت. هێلکە سەرچاوەیەکی ناوازەی ئاسنە. یەک هێلکەی گەورە لە سەدا 5ی پێداویستی ڕۆژانەی ئاسن دابین دەکات./.