بە پێی ڕاپۆرتی
جام کوردی، مەلەکردن ڕێگایەکی زۆر گونجاوە بۆ لەشجوانی و تەندرووستی و بەدەستهێنانی
چەندین سوودی دیکە. مەلەکردن کەمترین کاریگەری لاوەکی هەیە و دەتوانرێت ڕێگایەکی
باش بێت بۆ بەدەستهێنانی ئارامی و هەست کردن بە باشی.
مەلەکردن ڕێگایەکی باشە بۆ چالاکی تەواوی جەستە و تەندرووستی
دڵ. یەک کاتژمێر مەلەکردن هێندەی ڕاکردن کالۆری دەسووتێنێت، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر
ئێسک و جومگەکانت هەبێت. مەلەکردن یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێکخستنی چالاکیەکانی کۆئەندامی
دەمار.
لە کاتی مەلەکردندا، بەرهەمهێنانی ئەندۆرفین لە لەشدا زیاد
دەبێت. ئەندۆرفین کە بە هۆرمۆنی دڵخۆشی ناسراوە، دەتوانێت هەستی ئەرێنی بەهێز بکات
و یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ. ئەم هۆرمۆنە یارمەتی جەستە دەدات تا
ئارام بێتەوە و ڕێگە بە مرۆڤ دەدات هەست بە خۆشی زیاتر بکات.
هەروەها مەلەکردن بەرهەمهێنانی سیرۆتۆنین و دۆپامین زیاد دەکات
کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە باشترکردنی مەزاج و دروستکردنی هەستی ڕازیبوون. توێژینەوەکان
دەریدەخەن کە ئاستی ئەم ماددانە لە مێشکدا پاش مەلەکردن بەرز دەبێتەوە و دەبێتە هۆی
هەست کردن بە ئارامی و دڵخۆشی./.