محەمەد کاکەیی، وەک یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناو شاندەکە، دەربارەی گرنگیی بەشدارییان ڕایگەیاند: "وەک کورد و وەک پێکهاتەی ئایینی و عەشیرەتی کاکەیی، پێمان خۆش بوو لەم ڕۆژە مێژووییەدا ئامادەبین؛ چونکە خاڵی هاوبەشی زۆر لە نێوان ئێمە و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە."
ناوبراو ئاماژەی بە دابەشبوونی دیمۆگرافیی کاکەییەکان کرد و وتی: "لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆن و نیوێک کاکەیی نیشتەجێن، بەڵام لە ئێران ژمارەی کاکەییەکان دەگاتە نزیکەی ٨ ملیۆن کەس. چۆن لێرە لە هەرێم ئاسودە و ئازادین، لەوێش لە سایەی کۆماری ئیسلامیدا بە هەمان شێوە پارێزراون و کەمتر نین لە ئێمە."
لە درێژەی وتوێژەکەیدا محەمەد کاکەیی جەختی لەوە کردەوە کە کاکەییەکانی ئێران لە دوای شۆڕشەوە دووچاری هیچ جۆرە جیاکارییەک نەبوونەتەوە و وتی: "کاکەییەکان لە ئێران ڕووبەڕووی هیچ جۆرە پاکتاوێکی ڕەگەزی، ئایینی و مەزهەبی نەبوونەتەوە. هەر بۆیە ئێمە پێمان وایە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران تەنها بۆ ئیسلام و موسڵمانانی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو شۆڕشێکی گشتگیرە."