مامۆستا نیازی هەورامانی دوای ئاراستەکردنی پیرۆزبایی لە مەقاماتی باڵای ئێران، ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران دەوڵەتێکی گرنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و خاوەن پێگەیەکی سیاسی و ئابووریی تایبەتمەندە. ئەم شۆڕشە لەبەر ئەوەی شۆڕشێکی گەورە بوو و لەلایەن کەسایەتییەکی گەورەشەوە ڕێبەرایەتی کرا، توانیویەتی بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، ئەمەش نیشانەی هێز و لەسەرپێ خۆوەستانی وڵاتەکەیە."
سەبارەت بە هەڵوێستەکانی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: "ئێران هەمیشە بەرامبەر کورد دۆستێکی باش و نزیک بووە. وەک دەوڵەتێکیش، هەمیشە پشت و پەنای خەڵکانی مافخوراو مەزڵووم بووە و ئەوەندەی لە توانایدا بووبێت درێغی نەکردووە."
سەرۆکی ڕێکخراوی پێکەوەژیان دەربارەی ئەو فشارانەی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە دەخرێنە سەر ئێران، وتی: "ئەو پێشکەوتن و شارستانییەتەی ئێستا لە ئێراندا هەیە، ڕاستییەکە کە نەیارە ڕۆژئاواییەکان چاویان پێی هەڵنایەت. ئەو شەڕەی دژی ئێران دەکرێت، پێش هەموو شتێک شەڕی بەرژەوەندی و لێدانە لەو هەژموون و کاریگەرییەی کە ئێران لە ناوچەکەدا هەیەتی؛ چونکە ئێستا تەنها خەڵکی ناوخۆی ئێران نا، بەڵکو زۆر لایەنی دیکەش لە ناوچەکەدا گوێ بۆ کۆماری ئیسلامی دەگرن."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، مامۆستا نیازی هەورامانی جەختی لە هێزی بەرگریی ئێران کردەوە و وتی: "لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئێران، لێدانە لە شکۆی چەندین وڵات و لایەنی دیکە. وڵاتانی زلهێز باش دەزانن کە ئێران دەوڵەتێکی بەهێزە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر گۆڕینی ڕا و موماتەڵەکردن، چونکە دڵنیان ئەگەر پێیان بکرایە، زۆر زووتر پەلاماریان دەدا، بەڵام هێزی ئێران ڕێگرە.