فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له راپۆرتی ساڵانه‌یدا رایده‌گه‌یه‌نێت، له هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه‌كان ئیفلیج كراون و قه‌یرانی شه‌رعیه‌ت هه‌یه، یاسا وه‌ك چه‌كێكی سیاسی به‌كارده‌هێنرێت، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی گه‌مارۆ دراوه، كه‌رته جیاجیاكانی خزمه‌تگوزاری داڕماون و له كه‌رتی ته‌ندروستیدا كاره‌سات هه‌یه. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه هەرێمی کوردستان لە بازنەی دیموکراسییەوە بەرەو حوکمێکی "نادیار و پۆلیسی" هەنگاو دەنێت.
فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، چوارشه‌ممه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی له‌ژێر ناونیشانی "مەرگی متمانە، لەرزۆكی دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ لەبەردەم عەسكەرتارییەتدا" بڵاوكرده‌وه.
فیدراسیۆنه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، راپۆرته‌كه‌یان ته‌رخانكردوه بۆ شرۆڤەی ئەو گرفت و کێشانەی لە دوای ساڵی (٢٠١٤)وە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوە
له ته‌وه‌ری یه‌كه‌می راپۆرته‌كه ئاماژه به "ئیفلیجی دامەزراوەیی و قەیرانی شەرعییەت" له هه‌رێمی كوردستان دراوه‌و ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو "گەورەترین مەترسی کە ڕوبەڕوی هەرێم بوەتەوە، پەککەوتنی سیستماتیکی دامەزراوەکانە. پەرلەمانی کوردستان کە دەبێت سەرچاوەی یاسادانان بێت، چەندین ساڵە لە کارکەوتوە. سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کە لە شوباتی ٢٠٢٦ داین، پەرلەمان بەهۆی عورفێکی نایاسایی بە ناوی "دانیشتنی کراوە" و ڕێککنەکەوتنی پارتی و یەکێتی پەکخراوە."
فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كان وتوشیه‌تی، ئەم دۆخە تەنها پەرلەمانی نەگرتوەتەوە؛ دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەستپاکی، دەستەی مافی مرۆڤ و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانش ماوەی یاساییان بەسەرچوە و ئیفلیج کراون. حکومەت ئێستا بەبێ هیچ چاودێرییەکی یاسایی، داهات و خەرجییەکان بەڕێوەدەبات، ئەمەش ژینگەیەکی لەباری بۆ گەندەڵی و بڕیاری تاکڕەوانە دروستکردوە.
هه‌روه‌ها له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه كراوه كه چۆن یاسای (تێکدانی ئاسایشی هەرێم) و (یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن) بەکاردەهێنرێن بۆ سزادانی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، کاری میدیایی و ڕەخنەی ئاشتیانە بە "سیخوڕی" ناوزەد دەکرێت. دۆسیەی "زیندانیانی بادینان" تەنها نمونەیەکە لە دەیان کەیسی تر کە تێیدا دادگا وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارهێنراوە.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی راپۆرته ته‌رخانكراوه بۆ دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له هه‌رێمی كوردستان و تێیدا هێمای بۆ ئه‌وه كراوه كه کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێم لە نێوان دو بەرداشدایە: "ئیحتکاری دارایی" و "گەمارۆی ئەمنی". پارتە دەسەڵاتدارەکان ستراتیژی "ڕێکخراوی سێبەر"یان گرتوەتەبەر. زیاتر لە ٦٠٠٠ ڕێکخراو هەن، بەڵام بودجە و زانیاری و پڕۆژە بۆ چەند ڕێکخراوێکی حزبی و بنەماڵەیی قۆرغ کراون.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش هاتوه، هاوکات، دەزگا ئەمنییەکان فشاری بێوێنە دەخەنە سەر ڕێکخراوە سەربەخۆکان؛ داوای مۆڵەتی پێشوەختە بۆ هەمو چالاکییەک دەکەن و تەنانەت داوای دانانی کامێرای چاودێری لەناو ژورەکانی کارکردن دەکەن، کە ئەمە پێشێلکارییەکی زەقی مافی تایبەتمەندی و ژیانی مەدەنییە.
له به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هێما بۆ داڕمانی كه‌رته جیاجیاكانی خزمه‌تگوزارییه‌كان كراوه، ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕو كه لە کەرتی تەندروستیدا: ئێمە ڕوبەڕوی "کارەساتی دەرمان" بوینەتەوە. ٩٦٪ی هاوڵاتیان دەرمان لە کەرتی تایبەت دەکڕن چونکە نەخۆشخانە حکومییەکان بەتاڵ کراون. بازاڕی دەرمان لە ژێر کۆنتڕۆڵی کۆمپانیا حزبییەکانەو هەرێم بوەتە مەیدانی دەرمانی ساختەو کوالێتی نزم کە لە لایەن گروپە میلیشیاکانەوە هاوردە دەکرێن.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كراوه، لە کەرتی پەروەردەدا: جیاکارییەکی چینایەتی قوڵ دروست بوە. قوتابخانە حکومییەکان وێران کراون تاوەکو ڕێگە بۆ بازرگانیی قوتابخانە ئەهلییەکان خۆش بکرێت.
له‌باره‌ی کەرتی وزە و ژینگەشه‌وه، باس له‌وه كراوه كه گرانیی نرخی کارەبا بارگرانییەکی زیاتری خستوەتە سەر شانی هەژاران. زەوییە سەوزاییەکان و موڵکی گشتی بە ناوی "وەبەرهێنان"ەوە دەدرێنە کۆمپانیا حزبییەکان و ژینگەی هەرێمیان وێران کردوە.
به‌پێی راپۆرته‌كه له ئەنجامی هەمو ئەمانە هاوڵاتیان متمانه‌یان بە سیستم نه‌ماوه، بێ‌کاری گەنجان بۆ ١٥٪ زیادیكردوه‌و کۆچکردن وەک تەنها ڕێگەی ڕزگاربون ماوه‌ته‌وه.
جه‌ختیشی كردۆته‌وه، هەرێمی کوردستان لە بازنەی دیموکراسییەوە بەرەو حوکمێکی "نادیار و پۆلیسی" هەنگاو دەنێت.
فیدراسیۆنی رێكخراوه له‌وباره‌یه‌وه چه‌ند راسپارده‌و داواكارییه‌كی خستونه‌ڕو:
1. پەرلەمانی کوردستان: دەستبەجێ کۆتایی بە "دانیشتنی کراوە" بهێنێت، حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت و شەرعییەت بۆ دامەزراوە چاودێرییەکان بگەڕێنرێتەوە.
2. سەربەخۆیی دادوەری: دادگا و داواکاری گشتی دەبێت لە هەژمونی حزب ڕزگار بکرێن. نابێت یاسای ئاسایش بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنوسان بەکاربێت.
3. کۆنتڕۆڵی بازاڕ: کەرتی دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان لە دەستی کۆمپانیا حزبییەکان دەربهێنرێن و ژیانی خەڵک نەکرێتە قوربانی قازانجی بازرگانی.
4. کۆمەڵگەی مەدەنی: دەبێت دامەزراوە ئەمنییەکان دەستوەردان لە کاروباری ڕێکخراوەکان ڕابگرن و ڕێز لە یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١١ بگرن.
5. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی: داوا دەکەین هاوکارییەکان ببەسترێنەوە بە چاکسازیی ڕاستەقینە و پاراستنی ئازادییەکان، نەک تەنها دروشمی بێ ناوەڕۆک.
له كۆتاییشدا هێمای بۆ ئه‌وه كردوه كه کێشەی هەرێمی کوردستان نەبونی دەق و یاسا نییە، بەڵکو نەبونی "ئیرادەی سیاسییە" بۆ ملکەچبون بۆ یاسا. ئێمە وەک ڕێکخراوەکان بەردەوام دەبین لە چاودێریکردن و بەدۆکیۆمێنتکردنی هەمو پێشێلکارییەکان، چونکە بێدەنگبون لە ئاست ئەم داڕمانە، هاوبەشییە لە تاواندا.