جام کوردی : سەرەتا بەخێر بێیت، تکایە خۆت بۆ خوێنەران بناسێنە.

سەید موزەفەر: زۆر سوپاس، من ناوم سەید موزەفەری سەید حوسنی سەفاخانەیە، بەڕێوەبەری مەڵبەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی ساداتی پیرخدری شاھۆم.

جام کوردی : ئەمڕۆ بەشدارن لە یادی ٤٧ ساڵەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، دەتانەوێت چ پەیامێک بگەیەننە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە؟

سەید موزەفەر: ئێمە وەک ڕێکخراوێکی مەدەنی و لەسەر بانگھێشتی فەرمیی جەنابی ئاغای مەحمود، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، لێرە ئامادەین. هاتوین بۆ ئەوەی چەپکەگوڵی پیرۆزبایی پێشکەش بکەین و هاوبەشیی خۆمان لەم یادەدا دەرببڕین، هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

​جام کوردی : لە تەمەنی ئەم شۆڕشەدا دروشمی زۆر بەرزکراونەتەوە، ئایا لە ڕوانگەی ئێوەوە ئەم دروشمانە تا چەند لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە و بەتایبەت گەلی کورددا بووە؟

سەید موزەفەر: بۆ ئێمەی کورد، مێژوو باشترین گەواھیدەرە. لە ساڵانی هەشتاکاندا کە گەلی کورد ڕووبەڕووی نەهامەتی و ستەمی ڕژێمی بەعس بووەوە، ئێران پشتیوانێکی سەرەکی بوو. بەتایبەت لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، تەنها کۆماری ئیسلامی ئێران بوو کە سنوورەکانی واڵا کرد و بە هانای قوربانییەکانەوە هات، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ڕێژەی قوربانییەکان کەمتر بێتەوە.

​جام کوردی: سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، خوێندنەوەی ئێوە چییە؟

سەید موزەفەر: ئەو فشار و گەلەکۆمە نێودەوڵەتییەی دەبینرێت، نیشانەی ئەوەیە کە ئێران لە گەشەکردنی هەمەلایەنەدایە. وڵاتانی ڕۆژئاوا نایانەوێت وڵاتێکی ئەم ناوچەیە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و دەیانەوێت هەموو بڕیارەکان لە ژێر چاودێری ئەواندا بێت، بەڵام ئەمە لای کۆماری ئیسلامی قبوڵکراو نییە و پێداگری لەسەر سەربەخۆیی خۆیان دەکەن.

​جام کوردی : پەیوەندی و خاڵی هاوبەشی ڕێکخراوەکەی ئێوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە چیدا چڕ دەبێتەوە؟

سەید موزەفەر: پەیوەندی ئێمە ڕەگێکی مێژوویی و ڕۆحی هەیە. ئێمە نەوەی سەید محەممەد زاھیدین (پیرخدری شاھۆ)، کە مەرقەدی پیرۆزی لە شاری مەریوانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ئێستاشدا خەریکی نۆژەنکردنەوەی مەرقەدەکە و دروستکردنی مزگەوتێکین لەوێ. باپیرە گەورەی ئێمە خەڵکی ئەو دەڤەرەیە، هەر بۆیە پەیوەندییەکی زۆر توندوتۆڵمان لەگەڵ نوێنەرایەتی ئێران لە شاری سلێمانی هەیە.