شێخ تاهیر بەرزنجی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەبوونی لەم یادەدا وەک وەفایەک و ڕێزگرتنێکە لەو پەیامە مرۆیی و نەتەوەییانەی کە ئێران لە درێژەی مێژوودا پێشکەشی کوردی کردووە. ناوبراو وتی: "پەیامەکانی کۆماری ئیسلامی هەمیشە پەیامی پشتیوانی بوون؛ لەو کاتانەی گەلی کورد تووشی زەحمەتی و دەربەدەری دەبوو، ئێران باوەشی بۆ کردووینەتەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش هەمیشە وەک پارێزەر و هانایەک بۆ ئێمە دەرکەوتووە."

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بەڕێز بەرزنجی جەختی لەوە کردەوە کە کورد هەمیشە خۆی بە قەرزاری وەفاداری و میواندۆستیی کۆماری ئیسلامی دەزانێت. هەروەها وتی: "ئێمە لێرەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی ڕێبەری باڵا و سەرجەم کاربەدەستانی ئێران دەکەین و هیوادارین ئاشتی، ئارامی و ئاسایش تەواوی ناوچەکە بگرێتەوە."

شێخ تاهیر، کە وەک کەسایەتییەکی دیاری "یەکێتیی کۆمەڵایەتیی کوردستان" ناسراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پەیوەندییانە تەنها سیاسی نین، بەڵکو ڕەگێکی قووڵی کۆمەڵایەتییان هەیە و هیوای خواست ئەم دۆستایەتییە لە پێناو بەرژەوەندیی گەلاندا بەردەوام بێت.