جام کوردی - میلان کۆندێرا له هونه‌ری رۆمان‌دا
باس له دوو جۆر ڕۆحی ڕۆمان ده‌کات. یه‌کیان ڕۆحی ئاڵۆزی ڕۆمانه و به خوێنه‌ر د‌ڵێت:”
بابه‌ته‌کان ئاڵۆزترن له‌وه‌ی تۆ بیری لێ ده‌که‌یته‌وه.” ئه‌ویتر رۆحی به‌رده‌وام بوونی ڕۆمان و درێژه پێدانی
ڕۆمانه له دۆن کیخۆتهوه تاکوو ئێستا و ڕه‌نگه تا ئه‌و کاته‌ی مرۆڤ پێویستی به
گێڕانه‌وه‌ی جیهانی خۆی و جیهانی ئه‌وانی تر بێت، ڕۆمان ڕۆحێکی هه‌میشه زیندووه.
دیاره مه‌به‌ستی من لێره‌دا ئه‌وه‌ی یه‌که‌مه، واته ڕۆحی ئاڵۆزی ڕۆمان.
نۆڤێلێتی ” وێڵی ” ده‌ڕواته خانه‌ی ئه‌و جۆره
گێڕانه‌وه مودێڕنه ئاڵۆزانه‌ی که به خوێنه‌ره‌که‌ی ده‌ڵێت: ( تۆ که‌سێکی لێکههڵوهشاوهی، ڕۆحێکی ئابلۆقهدراوی به سه‌دان سلوولی تاریک و وێڵگه‌ی
داتاشراو، شپرزتری له‌وه‌ی که خۆت بیری لێ ده‌که‌یته‌وه.) ئه‌م نۆڤێلێته هه‌ر له ده‌سپێکی گێڕانه‌وه‌که‌یدا
ئادره‌سێکی ئاڵۆز و پێچهڵاوپێچ نیشان ده‌دات،
تۆی خوێنه‌ر خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکی – خۆتێکی- که ڕۆحی خۆت
که‌وڵ کردووه،یان خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکی مردوویه‌کی سارد و سڕیت که
ڕه‌نگه ئه‌و مردووه خۆت بیت و چیرۆکی خۆت بۆ خۆتێکی فاوستی بگێڕیته‌وه، یان ده‌کرێت
بڵێم تۆی خوێنه‌ر خه‌ریک خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکی-
تۆ – یه‌کی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند،
خوێنه‌رێکی پرۆفیشناڵ و هۆگری نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده به‌تواناکان، – له مارکی دوساد
و نیچه و فرۆید و داستایۆفسکی و جۆیس و بێکت و پرۆست و ویرجینیا ووڵف و عه‌تا نه‌هایی
و عه‌بدولخالق مهعرووفهوه بگره تاکوو عه‌لی
مه‌ردان و قادر دیلان و حه‌سه‌ن زیره‌ک.- ده‌خوێنیته‌وه، چیرۆکی – تۆ- یه‌کی شپرز
و وێران، – تۆ- یه‌کی لێکههڵوهشاوه و که‌نفت و که‌له‌لای کات، نووسه‌رێکی فاوستی،
به‌لام تا سه‌ر ئێسقان پێچه‌وانه‌ی دۆخی فاوستیانه.
ئه‌گه‌ر باس له گێڕانه‌وه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووی
پێکهاتهخوازانه بێته ئاراوه،ئه‌وه ده‌بێت باس له ستراکچێرێکی گشتیی وه‌کوو (
گێڕانه‌وه، که‌سایه‌تی، فه‌زا، دیالۆگ و ڕووداو ) باس بکرێت. به‌ڵام له گێڕانه‌وه‌ی پاش پێکهاتهخوازییدا،
هه‌ندێک ئایتم و پارامێتری تر،- به‌ده‌ر له ستراکچێری گێڕانه‌وه‌یه‌کی پێکهاتهخوازانه- ڕۆڵ ده‌بینێت. بۆیه له گێڕانه‌وه‌ی پاش پێکهاتهخوازییداخوێنهر
له گه‌ڵ چه‌ندین جۆر گێڕانه‌وه‌دا ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه، ( گێڕانه‌وه‌ی لێکدراو(
ته‌رکیبی ) ” گێڕانه‌وه‌یه‌ک تێکڵاو له هه‌موو ژانره‌کان، یانژی چه‌ند ژانرێکی تایبه‌ت.
گێڕانه‌وه‌ی بریکوولاژ،” به ته‌عبیری نۆرترۆپ فرای” گێڕانه‌وه‌ی پچڕ پچڕ و په‌رته‌وازه، گێڕانه‌وه‌ی
ناهێڵهکی، گێڕانه‌وه‌ی زمان، گێڕانه‌وه‌ی گێڕانه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی ئاڵۆز و دژه گێڕانه‌وه،
بارگاوی به پێکهاته و تهکنیگهلی پاش مودێڕن له چه‌شنی مێتافێکشن و نانۆ فێکشن،
داڕشتنی که‌سایه‌تی شپرز و ئاڵۆز له ڕووی
سایکۆلۆژی و ڕۆحییه‌وه ، داتاشین و جه‌علی به‌ڵگه و که‌سایه‌تی، دیکنستراکشێن و په‌رته‌وازه‌یی
و…) هه‌موو ئه‌و پارامێترانه له گێڕانه‌وه‌ی پاش پێکهاتهخوازییدا ڕۆڵی سه‌ره‌کی
ده‌بینن. له‌م نێوانه‌دا گێڕانه‌وه‌ی مودێڕن، به ته‌کنیک و پێکهاته‌ی پاش مودێڕن
له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی ئێمه‌دا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر گرنگی پێدراوه و هاوکات وه‌کوو زه‌رووره‌تێکی فۆرمیک ( مادی، موحتهوایی، ته‌کنیکی ) له ناو چیرۆکنووسانی
کوردا هه‌ستی پێکراوه.
واڵته‌ر بنیامین ده‌ڵێت: ( ڕووداوه ده‌روونییه‌کانی
ناو دنیای ڕۆمان، هیچ شتێک نییه جگه له کێشمه‌کێش و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه نه‌بێت
دژ به هێز و توانستی کات. ) بۆیه گرێدانه‌وه‌ی توندی ئێستا و ڕابوردوو له نۆڤێلێتهدا
و گه‌ڕانه‌وه بۆ بیره‌وه‌رییه‌کانی کاتی ڕابوردوو،- ئه‌و یاداوه‌ریی و بیره‌وه‌رییانه‌ی که ته‌نیا ڕۆماننووس ده‌بێته
میراتگری و جگه له رۆماننووس هیچ که‌سی تر ناتوانێت میراتگری بێ- شتێک نییه،جگه له‌ڕاگه‌یاندنی جه‌نگێکی ته‌واو
نه‌بێت دژ به هێز و توانستی کات.
- نۆڤێلێتی
” وێڵی ” له سێ به‌شی ڕیتمیک پێکهاتووه و به زمانێکی مه‌یله و زمانی شیعر چیرۆکی پێ گێڕدراوه‌ته‌وه.
- تێمی
سه‌ره‌کی ئه‌م نۆڤێلێته، تێمێکی فه‌لسه‌فی – ده‌روونشیکارییه و داڕشتنی کاراکته‌ری
– تۆ- ی بێ ناونیشانی پڕ له دژایه‌تی و پارادۆکس، فیگۆری ڕۆحێکی ئه‌نجن ئه‌نجن و لهتوکوتکراوی
که‌نفتی کات و لێکههڵوشاوه، به‌دیار ده‌خات و هاوکات به خوێنه‌ره‌که‌ی ده‌ڵێت : ئه‌کته‌ره‌کانی ناو ئه‌م نۆڤێلێته سه‌ر به جیهانی
فه‌لسه‌فه‌ی ئاڵۆزی مودێڕنن.
- فه‌زای گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک، فه‌زای دیستۆپیای
خه‌ون و جیهانی واقێعه.
- شوێن-
کات”ی ڕووداوه‌کان، چه‌ند شوێنێکی تایبه‌تی شاری هه‌ولێره و وه‌گێڕ به تێکشکاندنی
مه‌ودای نێوان ئێستا و ڕابوردوو، چیرۆک ده‌گێڕێته‌وه.
وێڵی، گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی سووژه‌یه‌کی مردووه
بۆ مردوویه‌کی تر، یان گێڕانه‌وه‌ی وڕێنه‌کردنی
ڕۆحێکی شه‌که‌ت و که‌نفت و که‌له‌لای کاته، بۆ تۆیه‌کی شپرز و کاولی ناو جیهانی خۆت
، یانژی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی- تۆ- یه‌کی ئابلۆقهدراوه به سه‌دان مۆته‌که و هه‌زاران
سلوولی تاریک و ژه‌نگاوی، بۆ خۆتێکی مردووی ناو زه‌ین و جیهانی خۆت. ئه‌م نۆڤێلێته به هه‌ندێک ته‌کنیک و پێکهاته‌ی ئه‌ده‌بی پاش مودێڕن له چه‌شنی
گێڕانه‌وه‌ی گێڕانه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی ناهێڵهکی و مێتافێکشن، له دوو گۆشه‌نیگاوه
گێڕدراوه‌ته‌وه، گۆشه‌نیگای (دووه‌م که‌س و یه‌که‌م که‌سی تاک.) گۆشه‌نیگای دووه‌م که‌س له گێڕانه‌وه‌ی مودێڕندا
هه‌ندێک له ڕۆماننووسانی ڕۆژئاوایی کاریان پێ کردووه. به‌ڵام زیاتر چیرۆکنووسانی
پاش مودێڕن، وه‌کوو ته‌کنیکێکی به‌هێز و سه‌ره‌نج ڕاکێش- که ڕاسته‌وخۆ، خوێنه‌ر په‌لکێش
ده‌کات بۆ ناوه‌ندی گێڕانه‌وه و جه‌غزی ڕووداوه‌کان- به زۆری که‌ڵکیان لێ وه‌رگرتووه و گه‌شه‌یان
پێداوه، هه‌ر بۆیه له به‌ستێنی گێڕانه‌وه‌دا، ئه‌م ته‌کنیکه وه‌کوو یه‌کێک له
تایبه‌تمه‌ندییه به‌رچاوه‌کانی گێڕانه‌وه‌ی پاش مۆدێڕن باس ده‌کرێت. له سیما بهدیارهکانی
ئه‌و چیرۆک نووسه ڕۆژئاواییانه‌ی، که له ئاستێکی به‌رزدا له‌م ته‌کنیکه بۆ گێڕانه‌وه
که‌ڵکیان وه‌رگرتووه، ده‌کرێت ناوی نووسه‌رانێکی وه‌کوو ( کارلۆس فۆئنتێس) له ڕۆمانی
” ئائوورا و کراژ خستن” دا، ئیتالۆ کالوینۆ،
له ڕۆمانی ” ئه‌گه‌ر شه‌وێک له شه‌وه‌کانی زستان موسافیرێک. ” ( ناتالی سارۆت- له پێشڕه‌وانی شه‌پۆلی نوێی رۆمانی
فه‌رانسی- له ڕۆمانی ” تۆ خۆتت خۆش ناوێ.
) یانژی ( پۆل ئاستێر له ڕۆمانی ” شاری شوشه‌یی”
دا- که ڕۆمانێکی جینایی پاش مودێڕنه.) هه‌روه‌ها ” تام ڕابینز و چه‌ند که‌سی تر،
ببه‌ین. هاوکات له ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی مودێڕنی فارسیشدا،ده‌کرێت ناوی نووسه‌رانێکی
به‌دیاری وه‌کوو” گوڵشیری و ڕه‌زا به‌راهه‌نی و شههریارمهندنی پوور بهێنین. هه‌ر یه‌ک له‌م ڕۆماننووسانه له به‌شێک له چیرۆکه‌کانیاندا
له ته‌کنیکی گۆشه‌نیگای که‌سی دووه‌م که‌ڵکیان وه‌رگرتووه.
* چیرۆک‌نووس به چ مه‌به‌ستێک بۆ گێڕانه‌وه له
گۆشه‌نیگای دووه‌م که‌س، ئێستا تاک یان کۆ یانژی تاک و کۆ که‌ڵک وه‌رده‌گرێت؟
–تووش کردنی ڕاسته‌خۆی خوێنه‌ر وه‌کوو ئه‌وه‌ی
بۆ خۆی به‌شێک بێت له به‌سه‌رهاتی چیرۆک.
- گه‌ڕان
و پشکنینی ورد به ناو زه‌ینی که‌سایه‌تیدا به شێوه‌یه‌کی ئاڵۆز و پێچهڵاوپێچ.
- سازکردنی ناشه‌فافیه‌ت سه‌باره‌ت به شوناسی که‌سایه‌تی نێو چیرۆک،
به جۆرێک خوێنه‌ر نازانێت ئه‌و ” تۆ” یه،
تۆی که‌سایه‌تی نێو چیرۆکه یانژی ئه‌و تۆیه منی
خوێنه‌ره.
بۆیه خوێنه‌ر زۆر جار وا هه‌ست ده‌کا، چیرۆک‌نووس
چاوبه‌ستی لێکردووه و فریوی داوه. به هه‌ر حاڵ هه‌ر چۆنێک بێت،ئه‌مانه به‌شێکن
له کۆی ئه‌و خاڵانه‌ی که چیرۆک‌نووس له گێڕانه‌وه‌دا، بۆ بردنه پێشه‌وه‌ی چیرۆکه‌که‌ی
و کارتێکه‌ریی زیاتر له سه‌ر خۆێنه‌ر، له ته‌کنیکی ” گۆشه‌نیگای دووه‌م که‌س” ئێستا
تاک یان کۆ، یانژی تاک و کۆ، که‌ڵک وه‌رده‌گرێت.
له‌م نێوانه‌دا،چیرۆکنووسانی کورد به ده‌گمه‌ن
له‌م ته‌کنیکه بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆک که‌ڵکیان وه‌رگرتووه. بۆیه یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه
بهدیارهکانی ڕۆمانی ” وێڵی ” گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه به‌م گۆشه‌نیگا له ئاستێکی به‌ربڵاودا.
وه تا ڕاده‌یه‌ک نۆڤلێته‌که به هۆی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌وه به گۆشی نیگای که‌سی
دووه‌م فۆرمێکی موتهفاوهت و جیاوازی په‌یدا
کردووه و له گێڕانه‌وه‌ی باو، به‌و جۆره‌ی که ئێستا هه‌یه تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو
لایداوه.
- داڕشتنی که‌سایه‌تی ” تۆ ” له نۆڤێلێتی وێڵی
دا.
وه‌گێڕ له نۆڤێلێتی ” وێڵی ” دا، له گۆشه‌نیگای که‌سی دووه‌می تاکه‌وه،
چیرۆکی- تۆ- یه‌کی له‌توکوت و ئه‌نجن ئه‌نجن
کراو- تۆ- یه‌کی شپرزی زه‌ینی و ده‌روونیی،
سووژه‌یه‌کی کاول و وێران- سووژه- یه‌کی ئیسکیزۆفێرنی- تۆ- یه‌کی که‌نفتی کات و لێکههڵوهشاوه، لێکههڵوهشاوهی
فۆرم و مانا و جه‌سته و ڕۆح.- تۆ- یه‌کی کهوڵکهری
ڕۆحی خۆت- تۆ- فۆرمێکی مردووی سڕ، ڕۆحێکی په‌رێشانی
که‌نفت و که‌له‌لای زه‌مه‌ن ده‌گێڕێته‌وه. گێڕانه‌وه‌ی – تۆ – له ” وێڵی” دا، گێڕانه‌وه‌ی که‌سێکی لێکههڵوهشاوهی
که‌له‌لای کات و پڕ له مۆته‌که و دڵه‌ڕاوکێ و شڵه‌ژان و شپرزییه. نووسه‌ر له‌م نۆڤێلێتهدا
وه‌کوو ده‌رهێنه‌رێکی به توانا، فیگۆری سووژه‌یه‌کی مودێڕنی لێکههڵوهشاوه نمایش ده‌کات، ڕۆحێکی که‌له‌لا و که‌نفتی کات، ماندوو وه‌ڕسی زه‌مه‌ن، ئێستا و ڕابوردوو، نمایش ده‌کات. بۆیه – تۆ – له وێڵی
دا ته‌نیا تۆیه‌کی فۆرمیک و ئاسایی نییه، به‌ڵکوو له هه‌مان کاتدا ڕۆحێکی شه‌که‌ت
و که‌نفتی کات و لێکههڵوهشاوهیه. ( بگری
ئه‌ی لێکههڵوهشاوه بگری، بگری ئه‌ی ماندوو و که‌نفتی کات. ) ( ل. ۵۱ ).
بگێڕه‌وه‌ی ” تۆ ” له ” وێڵی ” دا چیرۆک و
به‌سه‌رهاتی که‌سێکی زۆر هاوڕێ و زۆر نزیک به خۆی ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌وه‌نده لێی نزیک
ده‌بێته‌وه، وه‌ک بڵێی خه‌ریکه چیرۆکی لێکهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆی بۆ ” تۆیه‌کی مردوو ” یانژی چیرۆکی لێکهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
” تۆیه‌کی مردوو ” بۆ خۆی، یان چیرۆکی تۆ بۆ که‌سێکی تر ده‌گێڕێته‌وه، بگێڕه‌وه له
ده‌ره‌وه‌ی جیهانی چیرۆک دێته نێو چیرۆک و تێکه‌ڵ به که‌سایه‌تی چیرۆک ده‌بێت، ڕۆحی
خۆی تێکه‌ڵ به ڕۆحی که‌سایه‌تی چیرۆک ده‌کات، له ده‌سپێکی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی ” تۆ
” تا نیوه‌ی کتێبه‌که وه‌گێڕ له ده‌ره‌وه‌ی دنیای چیرۆکدا ڕووداو ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش به وته‌ی ” ژێرار ژۆنێت” به‌رزترین ئاستی گێڕانه‌وه‌یه له گێڕانه‌وه‌ی
چیرۆکێک‌دا، به‌ڵام له نیوه‌ی دووه‌می کتێبه‌که‌دا تا کۆتایی، وه‌گێڕ بۆ خۆی دێته
نێو دنیای چیرۆک و خۆیشی ده‌بێت به کاراکته‌ری چیرۆک و گێڕانه‌وه‌ی کاراکته‌ره‌کانی تری ده‌ره‌وه‌ی چیرۆک ده‌گێڕێته‌وه.
وه‌گێڕ هاوکات له گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی ” تۆ ” دا گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی” ز”یش
ده‌گێڕێته‌وه. ( گێڕانه‌وه‌ی گێڕانه‌وه) ” یان ڕه‌وایه‌تی ڕه‌وایه‌ت” یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی
ڕه‌وایی پاش مودێڕنه و نووسه‌ر له چه‌ند شوێنی کتێبه‌که‌دا له‌م ته‌کنیکه که‌ڵکی
وه‌رگرتووه.
– تۆ – ی به‌ندی، به‌ندییه‌ک ئابلۆقه‌دراو، به
سه‌دان سلوولی تاریک و بهندیوان و سه‌دان وێڵگه‌ی داتاشراو، سه‌دان مۆته‌که و مرۆڤی
ناسراو و نه‌ناسراو، سه‌دان مه‌لا و موفتی ، سووژه‌یه‌کی بێ هێز و بێ ئیراده و داڕووخاو،
ئه‌ونده بێ هێز، توانای خۆ دربازکردنی نییه له‌م هه‌موو مۆته‌که و ئابلۆقه‌یه.
– تۆ- فاوستی مودێڕن، هونه‌رمه‌ندێکی لێهاتووی
به توانا و خوێنه‌رێکی پرۆفیشناڵ، به‌ڵام تا سه‌ر ئێسقان دژ به خه‌سڵه‌تی فاوستیانه،(
سووژه‌یه‌کی په‌ککه‌وته‌ی داڕووخاو، سووژه‌یه‌کی بێ هێز و بێ ئیراده و که‌نفت و که‌له‌لای
کات، سووژه‌یه‌کی لێکههڵوهشاوهی پڕ له مۆته‌که و هه‌زاران سلوولی تاریک و ژه‌نگاوی،
سووژه‌یه‌کی کهوڵکهری ڕۆحی خۆت. فاوستێکی مودێڕن که ڕۆحی خۆت که‌وڵ ده‌که‌یت ) پێچه‌وانه‌ی-
فاوست- ی گوته – تۆ- خه‌ریکی پرۆڤه و ئه‌زموون کردنی تراژیدیای گه‌شه کردن و په‌ره‌پێدان
نیت. – تۆ- فاوستێکی بێ هێز و مردووی، فاوستێکی
به‌ندی، به‌ندکراوی مۆته‌که و وێڵگه‌کانی خۆت، به‌ند کراوی سلووله تاریک و نووتهکهکانی
خۆت، له هه‌مبه‌ر واقع و خواستی کۆمه‌ڵگادا تووشی ده‌سته‌وه‌ستان و دۆشدامان بووی.
تۆ ملکه‌چی خواسته‌کانی کۆمهڵگابوویت. (ل. ۲۰ -۲۱ )
-” به‌شی دووه‌می چیرۆک.
له به‌شی دووه‌می چیرۆکدا خوێنه‌ر له گه‌ڵ
کاراکته‌رێک ڕوو به ڕوو ده‌بێته‌وه، به
زمانی خۆی خه‌ریکه خۆی ده‌درکێنێ، هاوکات نکوولی ده‌کا له ته‌واوی ئه‌و چیرۆک و به‌سه‌رهات
و حاڵهتگهلهی که له به‌شی یه‌که‌مدا وه‌پاڵی
دراوه و هه‌مووی ڕه‌فز ده‌کاته‌وه، به جۆرێک
ده‌ڵێت ” ده‌توانم بڵێم هیچ شتێکی ئه‌و تۆیه من نیم ” .
به‌شی دووه‌می وێڵی گێڕانه‌وه‌یه‌کی مێتافیکشنه،
چیرۆکێک سه‌باره‌ت به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکێکی
ده‌سکرد و بهرسازهکراو، – من – به خوێنه‌ر ده‌ڵێت: ته‌واوی ئه‌و چیرۆکه‌ی سه‌باره‌ت
به – تۆ- گێڕدراوه‌ته‌وه،چیرۆکێکی ساخته
و ده‌سکرده و من ئه‌و که‌سایه‌تیه نیم گێڕدراومهتهوه.- تۆ- له
به‌شی دووه‌می چیرۆکدا، نکوولی ده‌کات له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که وه‌گێڕ له به‌شی
یه‌که‌مدا، وه‌پاڵی دابوو، بۆیه له زمانی خۆیه‌وه ده‌ڵێت: من ئه‌و هه‌موو هاوڕێ و هاوسێ و شتانه‌م نه‌بووه
که دراوه‌ته پاڵم ، بۆیه ده‌توانم بڵێم 🙁 هیچ شتێکی ئه‌و تۆیه من نیم.
گێڕانه‌وه‌ی به‌شی دووه‌می وێڵی، پێچه‌وانه‌ی
به‌شی یه‌که‌مه. له به‌شی دووه‌مدا، گێڕانه‌وه‌ی وه‌گێڕی به‌شی یه‌که‌م به جۆرێکی
تر ده‌گێڕدرێته‌وه، ( وه‌گێڕی به‌شی دووه‌می چیرۆک له گۆشه‌نیگای یه‌که‌م که‌سه‌وه،
به‌م شێوه‌یه چیرۆکی وه‌گێڕ ده‌گێڕێته‌وه).
) په‌له‌ی بوو، له پڕێکدا هه‌ستم کرد نیگه‌رانه،
به‌ڵام پتر تووڕه بوو تا نیگه‌ران، ته‌نیا بوو.. به منیشی ده‌گوت: ته‌نیا که‌وتووه،
ڕاستیشی ده‌کرد، به‌ڵام خۆی زۆر له مێژه‌وه ته‌نیاتر بوو.. ته‌نیا که‌وتبوو، یان
ته‌نیا خرابوو.. بیریشی چوبوو هه‌موومان ته‌نیاین، ته‌نیا که‌وتووین.. په‌له‌ی بوو
زوو هه‌موو شته‌کان بڵێ و له کۆڵی ببنه‌و.. هه‌ندێ جار ئه‌و قسانه‌ی له کۆڵ خۆی ده‌کرده‌وه.
ئه‌و تاریکییه‌ی تێدا بوو گوایه من بووم، لای ئه‌و من تاریکی نه‌بووم.. تاریک کرابووم..
به‌ڵام ئه‌و تاریک تریشی کردبوو…)” ل.. ۷۶ “.
دیسانه‌وه له به‌شی دوومدا، چیرۆکی درکاندنێک
ده‌خوێنینه‌وه، وه‌کوو درکاندنه‌که‌ی ” ڕاسکولینکۆف”
ی داستایۆفسکی، به‌ڵام درکاندنێکی نائیختیاریی
و زۆره‌ملی. ( ئه‌وه من نیم، ئه‌و ناچاری کردم بێم بنووسم ئه‌وه منم، ئه‌و ڕووداوانه
منم، ئه‌و ڕابوردووه منم، ئه‌و لاوه من بووم، ئه‌و مێردمنداڵه من بووم، ئه‌و پیره
من بووم.. ئه‌و تۆیه منم؟ به‌ڵام ئه‌و تۆیه به ڕێکه‌وتیش نابێت من بێت. ئه‌و تۆیه
به لێکچواندنیش نابێ بدرێته پاڵ من و به من بچوێندرێ.. ) ” ل..۷۷″ وه‌ک ده‌بینین – من- له به‌شی دووه‌می چیرۆکدا، نکوولی ده‌کات له‌و-
تۆ- یه، که وه‌گێڕ به‌شی یه‌که‌می چیرۆکه‌که‌ی پێ گێڕاوه‌ته‌وه. به‌ڵام منیش وه‌ک ئه‌و- تۆ-
یه هه‌ولێرم خۆش ده‌وێت،هه‌ولێرم خۆش ده‌وێت.. ” خۆدرکاندنی – من- له به‌شی دووه‌مدا، دژ کرده‌وه‌یه‌که
له هه‌مبه‌ر گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی- تۆ- ی به‌شی یه‌که‌مدا.
ڕاسکولینکۆف له ڕۆمانی ” تاوان و سزا” دا،
کاتێک ناتوانێ قورسی تاوانه‌که‌ی هه‌ڵبگرێت خۆی ده‌درکێنێ، به‌و خۆ درکاندنهش سووک
ده‌بێ و سزای تاوانه‌که‌شی قبووڵ ده‌کات.( هه‌رچه‌ند ئه‌مه دۆخێکی داستایۆسکیانهیه
و له‌م دۆخه‌دا هه‌میشه تاوان، به‌دوای سزادا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌م دۆخه‌ش ڕێک پێچه‌انه‌ی
دۆخی کافکایی یه، له دۆخی کافکاییدا- پێچه‌وانه‌ی دۆخی داستایۆسکیانه- سزا به
دوای تاواندا ده‌گه‌ڕێت) به‌ڵام – من –
له وێڵی دا به دوو مه‌به‌ست خۆی ده‌درکێنێ. یه‌که‌م له به‌ر ئه‌وه‌ی که
بیسه‌لمێنێ، ئه‌و- تۆ- یه، ئه‌م – من – نییه. دووه‌م له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ست
و خۆشیانه ببووژێنێته‌وه که درکاندن و خۆ درکاندن پێی ده‌به‌خشن. هه‌رچه‌ند له
کۆتاییدا – من – دوابه‌دوای درکاندنی چیرۆکی خۆی، نه‌ک هه‌ر ئاسووده نابێ و ناحه‌سێته‌وه،
به‌ڵکوو پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه له درکاندنه‌که‌ی و هێڵنجی دێت به‌و درکاندنه، ئه‌مه‌ش
ڕێک پێچه‌وانه‌ی درکاندنی ” ڕاسکولینکۆف” ه، که هه‌ستی به ئاسووده‌یی ده‌کرد. که‌سێتی- من – له
به‌شی دووه‌می وێڵی دا، ده‌کرێت بڵێم هه‌مان
– تۆ- ی به‌شی یه‌که‌مه، سووژه‌یه‌کی مودێڕن، به ڕۆحێکی کهوڵکراوهوه، به فۆرمێکی
نوێ و لێکههڵوهشاوهوه.
له کۆتاییدا، ئه‌و – تۆ- من – هی، له نۆڤێلێتی وێڵی دا گێڕدراوه‌ته‌وه،
سووژه‌یه‌کی که‌وڵکراوی مودێڕنه به ته‌واوی ژانه‌سه‌ر و چه‌رمه‌سه‌ری و کێشمه‌کێش
و پارادۆکسه‌کانی جیهانی خۆیه‌وه.
مه‌ریوان. ۵ ی ژانۆیه‌ی ۲۰۲۶٫